ئا: ئاوێنە
ئیلۆن ماسک، دەنگی رەخنەگرانو نەیارانی ئەردۆغان لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس سانسۆرو بێدەنگ دەکات.
هەرچەندە ئیلۆن ماسک دوای ئەوەی تویتەری کڕیو ناوەکەی گۆڕی بۆ ئێکس (کە ناوی کوڕەکەیەتی)، بەڵێنی دا ئەم پلاتفۆرمە دەکاتە پەناگەیەک بۆ ئازادی رادەبڕین، بەڵام ئێستا بۆ هەموو شتێک ئازادە، جگە لەڕەخنەگرتن لەچەند فەرمانڕەوایەکی ئەم دنیایە، کە یەکێکیان رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیایە.
دوابەدوای دەستگیرکردنی یەکێک لەڕکابەرە سیاسییە سەرەکییەکانی ئەردۆغان، خۆپیشاندەران ڕژانە سەر شەقامەکانو لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە ناڕەزاییان دەبڕی، بەڵام وەک "پۆلیتیکۆ" بڵاویکردووەتەوە، هەندێک کەس کە دژی ئەردۆغان قسەیان کردووە، لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس هەژمارەکەیان لەتورکیادا دەرناکەوێت، لەکاتێکدا لەدەرەوەی تورکیا هەژمارەکانیان دەبینرێن.
بەپێی هەواڵێکی پۆلیتیکۆ، ئەکاونتە چالاکەکانی پەیوەست بەزانکۆکان کە زانیارییان لەسەر کاتو شوێنی خۆپیشاندان بەخوێندکارانو چالاکوانانی دیکەی نارازی راگەیاندووەو سەدان هەزار فۆلەوەریان هەبووە، ئێستا بەهۆی سانسۆرەوە لەناو تورکیادا دەرناکەون.
یەکێک لەو چالاکوانانە بەناوی عومەر فاروق ئەسڵان بۆ خۆدزینەوە لەسانسۆر، ئەکاونتی دووەمی دروستکردو وتی "ئەکاونتە سەرەکییەکەم ڕاگیراوە، دوای ئەوەی گرتەیەکی ناڕەزاییم بڵاوکردەوە، کە زیاتر لە شەش ملیۆن بینەری هەبوو".
حکومەتی تورکیا ڕایگەیاند، ئەو هەژمارە هەڵپەسێردراوانە تۆمەتبارکراون بە"هاندانی ڕقو کینە لەدژی حکومەت".
عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد کە دەسەڵاتدارانی تورکیا ٣٢٦ ئەکاونتیان دەستنیشان کردووە بۆ ئەوەی بسڕدرێنەوە. لەوانەش ٧٢ ئەکاونت کە پێدەچێت لەدەرەوەی تورکیا کار بکەن. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا 54 "تۆمەتبار" بەهۆی چالاکییەکانیان لەسۆشیال میدیا دەستگیرکراون.
پۆلیتیکۆ باس لەوە دەکات کە ئێکس هاوکارە لەگەڵ حکومەتی تورکیا لەسەرکوتکردنی ناڕەزاییەکانی دژ بەئەردۆغان.
هاوکاری ماسک لەسانسۆرکردنی نەیارانی ئەردۆغان لەئێکس، لە ساڵی ٢٠٢٣ دەستیپێکرد، کە تورکیا ئامادەکاری دەکرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیو ماسک پشتیوانی لەئەردۆغان کرد.