ژیانی سری سورەیا ئۆندەر هێشتا لەمەترسیدایە
  2025-04-16       457       

ئەندامی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، سری سورەیا ئۆندەر کە لە ١٥ ی نیسان بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گەیەندرایە نەخۆشخانە، هێشتاش لە ڕەوشێکی مەترسیداردایە. سەردان و پەیامەکانی پشتگیری بۆ ئۆندەر بەردەوامە.

 

ئاوێنە: بەپێی ئەو زانیارایانەی لەمیدیاکانی تورکیاوە بلاو دەبنەوە نەشتەرگەری دڵی ئۆندەر 12 کاتژمێری خایاندووە کە کاتژمێر ٢٣:٣٥ ئێوارەی دوێنێ دەستیپێکرد، نزیکەی کاتژمێر ١٠:٠٠ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ تەواو بوو.

 

دەمیرتاش: دڵمان لەگەڵتە

هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) سەڵاحەدین دەمیرتاش لە زیندانی ئەدرنەوە پەیامێکی بۆ ئۆندەر نارد، ئۆندەری وەک "پەیامبەری ئاشتی" ناوبرد، گوتی: "ڕووبەڕووی هێرشی ناهەق و سوکایەتی بووییەوە، بەڵام بەپێداگرییەوە لەسەر ڕێگەی ئاشتی بەردەوام بوو. بۆیە هەمیشە یاد و ڕێز و بەهایەکی مەزنی هەیە.

بەڕێز سەری هەستە سەر پێ، ئەم ئاشتییە دێتەدی، ئینشاڵا بە ئەنجامی ڕەنجی خۆت سەربەرز دەبیت. کاکە سری تۆ لە هەموو کەسێک زیاتر شایستەی ئەمەیت، نزا و دڵمان لای تۆیە، خۆشمان دەوێیت کاکی ئەزیز".

 

ئەردۆغان‌و باخچەلی تەلەفۆنیان کرد

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیاو سەرۆکی گشتیی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی دەربارەی ڕەوشی سری سورەیا ئۆندەر پەیوەندییان بەپەرلەمانتاری دەم پارتی پەروین بوڵدان و پزیشکانەوە کرد. ئەردۆغان‌و باخچەلی لەپەیوەندییەکەیان، هیوای زوو چاکبوونەوەیان بۆ ئۆندەر خواست. لەپەیوەندییەکەیدا لەگەڵ نەخۆشخانەکە و پزیشکەکان زانیارییان دەربارەی ڕەوشی تەندرووستی ئۆندەر وەرگرت.  

 ئەردۆغان بەبولدانی ڕایگەیاندووە، ئەو تیمەی نەشتەرگەرییەکەی سری سورەیا ئۆندەریان ئەنجامداوە، باشترین پزیشکەکانی تورکیایان لەخۆگرتووە و لە دەستێکی سەلامەتدایە.

هەروەها  سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ بە وەکالەت نوری ئاسڵان سەردانی نەخۆشخانەکەی کرد، لەبارەی ڕەوشی ئۆندەرەوە پرسیاری لە بەرپرسانی دەم پارتی و پزیشکان کرد. ئاسڵان ڕایگەیاند هەمووان پشتگیری خۆیان بۆ ئۆندەر ڕاگەیاندووە و ئەمەش مایەی دڵخۆشییە.

هەروەها ئۆزگور ئۆزێل سەرۆکی جەهەپە لە هەژماری تایبەتی خۆی (ئێکس) پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت "هیوای باشی خۆم دەگەیەنم بۆ زوو چاکبوونەوە، لە نزیکەوە چاودێری تەندروستی دەکەین، هیوادارم بە زووترین کات تەندروستی بگەڕێنێتەوە، بگەڕێتەوە سەر ئەرکەکانی و بەردەوام بێت لە داکۆکیکردن لە ئاشتی بۆ هەمووان".

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×