وەزیری نەوتی عێراق: شەممەی داهاتو دەست بە دانوستانەكان بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دەكەینەوە
  2025-04-16       219       

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق ئاشكرایكرد، رۆژی شەممەی داهاتو وەفدی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات بەمەبەستی دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم.

 ئاوێنە: حەیان عەبدولغەنی، وەزیرى نەوتى عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەمیانی بەشداریكردنی لە پانێلێکی دیداری سلێمانیدا رایگەیاند، زیاتر لە ساڵ و نێوێک پەیوەندى لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان و بەدیاریکراوى لەگەڵ وەزارەتى سامانە سروشتییەکان هەبوە، لە بارەى میکانیزمى هەناردەکردنەوەى نەوت، چونکە پێویستییەکى زۆر هەیە بۆ  زیادکردنى داهات و بۆ پاڵشتى بودجەى عێراق، کە سودیشى بۆ حکومەتى هەێمى کوردستان هەیە.

وتیشی"یاسای بودجە شەش بۆ حەوت دۆلارى بۆ بەرهەمهێنانى نەوت لە هەرێمى کوردستان دیاری کردبو، ئەو پارەیە پێویستى گرێبەستەکانى نەوتى پڕ نەدەکردەوە و نرخى راستەقینەى بەرهەمهێنانى نەوتى کۆمپانیاکانى دەستەبەر نەدەکرد".

وەزیرى نەوتى عێراق هێمای بۆ ئەوەش كرد، بەگوێرەى هەموارى یاسای بودجە ئەو پارەیەى دەدرێتە کۆمپانیاکانى نەوت کە 16 دۆلارە بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەى هەر بەرمیلێک پێشینەیەکى بەراییە.

 هەروەها وتیشی "کێڵگەکانى هەرێمى کوردستان لە روى سروشتى جوگرافییەوە سەختە و هەڵکەندنى بیرەکان تێچوى زۆرە و بەرهەمیشیان کەمترە، کێڵگە هەیە بەرهەمی دەگاتە 20 بۆ 25 هەزار بەرمیل، بەراورد بە کێڵگەى رومیلە زۆر کەمە، کە رۆژانە یەک ملیۆن و 450 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، لە کێڵگەى بەدرە و ئەحدەب بەرهەمهێنانى هەر بەرمیلێک زیاتر لە 36 دۆلارى تێدەچێت، لەکاتێکدا گرێبەستى بەرهەمهێنانى نەوت لە کێڵگەکانى رومێلە 4 دۆلار تێپەڕ ناکات".

ئەوەشی خستەڕو"لە یاسای بودجەدا رۆژانە 46 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەکارهێنانى نەوت بۆ ناوخۆ، دیاریکراوە، بەگوێرەى ئەو ژمارانەى کە پێمانگەیشتوە هەرێمى کوردستان 286 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەھێنێت و 115 هەزار بەرمیل دیاریکراوە بۆ بەکارهێنانى ناوخۆیی."

وەزیرى نەوتى عێراق وتیشى"سێ کۆبونەوەمان لەگەڵ بەرپرسانى تەکنیکى هەرێمى کوردستان کردوەو لەسەر چارەسەرکردنى چەند تێبینییەک رێککەوتین، بەڵام کۆمپانیاکان ویستیان بزانن چۆن شایستە داراییەکانیان دەستدەکەوێت؟ نوسراوێک بە واژۆى وەزیرى دارایی کراوە کە بەڵێنى خەرجکردنى ئەو پارانە دەدات بۆ کۆمانیاکانى نەوت".

یەکێکى دیکە لەو کێشانەى کە بەربەستە لە بەردەم رێککەوتنى هەولێر و بەغدا قەرزى کۆمپانیاکانى نەوتە لە هەرێمى کوردستان. بەوتەى وەزیرى نەوت کۆمپانیاکانى نەوت داوایان کردوە حکومەتى فیدراڵى ئەو قەرزانە بداتەوەو ئەوە لە هەموارى یاساکەدا نەهاتوەو دەکرێت لەدواى جێبەجێکردنى هەموارەکە گفتوگۆى لەبارەوە بکرێت.

وەزیری نەوتی عێراق وتیشی"دەرگاکان دانەخراون لە بەردەم دانوستاندن، رۆژى شەممە شاندى وەزارەتى سامانە سروشتییەکان سەردانى بەغدا دەکات بۆ تەواوکردنى دانوستاندنەکان، چوار کۆمپانیا رێککەوتنیان لەگەڵ وەزارەتى سامانە سروشتییەکان هەیە بۆ هەناردەکردنى نەوت و کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوت (سۆمۆ) گرێبەستى لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە کردوە و نوێ کراوەتەوە بۆ ئەوەى ئامادە بن بۆ هەناردەکرنەوەى نەوت."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×