لاهور شێخ جەنگی، سەرۆكی بەرەی گەل رایگەیاند، بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەكەن. دەشڵێت، وەفدی پارتی سەردانی كردون و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیش بەتەلەفۆن داوای دانیشتنی لێكردوە.
ئاوێنە: لاهور شێخ جەنگی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم وتی، وەفدی پارتی سەردانی كردوین. پێمانوتون ئەگەر ئێوە وەك دو كورسی مامەڵە لەگەڵ ئێمە بكەن، ئێمە ئامادەنین گفتوگۆشتان لەگەڵ بكەین، چونكە كورسییەكانی ئێمە دزراون و تەزویر و ساختەكاریمان لێكراوە.
وتیشی، پۆست بەلای ئێمەوە گرنگ نییە، ئەوەندەی ئەوەی كە حكومەتێكی سەرتاسەریی پێكبهێنرێت كە بتوانێت داخوازییەكانی خەڵك جێبەجێ بكات و حكومەتێك بێت دەستی حزبی لێوە دوربێت و دامەزراوەیی بێت.
هێمای بۆ ئەوەش كرد، بەدڵنیاییەوە بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا دەكەین، بەڵام هێشتا نازانین بەچ شێوازێك بەشداری دەكەین.
ئەوەشی خستەڕو، بافڵ تاڵەبانی یەك جار تەلەفۆنی بۆ كردوم، داوای دانیشتنی لێكردم. هەر دانیشتنێك لە بەرژەوەندی خەڵكدا بێت، ئێمە لاریمان لێی نییە.