هەردوو شاندی باڵای دانوستانکاری پارتی و یەکێتی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکەن.
ئاوێنە: وابڕیارە، کاتژمێر 10:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16-04-2025، هەردوو شاندی باڵای دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە سلێمانی، کۆ ببنەوە.
کۆبوونەوەکەی هەردوو شاندی باڵای دانوستانکاری پارتی و یەکێتی، درێژەپێدەری کۆبوونەوەکەی پیرمامە کە ڕۆژی سێشەممە، 15-04-2025، بەڕێوە چوو و تێیدا تاوتوێی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دابەشکردنی پۆستەکان کرا.
وا بڕیارە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا، ڕەشنووسێک ئامادە بکرێت بۆ ئەوەی ببێتە کارنامەی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دابەشکردنی پۆستەکان لە نێوان هەردوولادا.
دوای تەواوبوونی ئەو کۆبوونەوەیە، پارتی و یەکێتی لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا جەختیان لەوە کردەوە "کۆبوونەوەکە لە کەشێکی دۆستانە و ئەرێیدا بەڕێوە چوو و گفتوگۆ لەبارەی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا."
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوە هاوبەشەکە، گفتوگۆکانی پارتی و یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان "هەنگاوی ئیجابی و بەرەوپێشچوونی باش هەبووە."