سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتوی ئیسلامی لە هەولێر لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا كۆبوەوەو هەردولا دەڵێن، دەبێت رەچاوی دۆخەكە بكرێت بۆ ئەوەی بەرگەی گۆڕانكارییەكان بگرین.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان لە شاری هەولێر بە ئامادەبونی ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی پێشوازی لە نوح یەڵماز، جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا و شاندێكی باڵای یاوەری كرد.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لەدیدارەكەدا گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی عێراق و توركیاو ناوچەكە كراو هەردولا تەئكیدیان كردەوە كە گۆڕانكارییە خێراكان لە ناوچەكە پێویستیان بە هەڵوەستەكردنەو دەبێت رەچاوی دۆخەكە بكرێت بۆ ئەوەی بەرگەی گۆڕانكارییەكان بگرین.