ڕۆژهەڵاتی کوردستان…داوای ڕاگرتنی سزای سەر زیندانییەكی سیاسی كورد دەكرێت
  2025-04-20       136       

ڕێکخراوی هەرانا بڵاوی کردەوە، بنەماڵەی زیندانییەکی سیاسیی کورد بۆ سێیەم ڕۆژە لەبەردەم دادگای شۆڕشی ورمێ گردبوونەتەوە، دەشڵێن، بنەماڵەی ئەو زیندانییە سیاسیە داوای ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدانی دەکەن.

ئاوێنە: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا سەبارەت بە گردبوونەوەی بنەماڵە و کەسوکاری زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ بەمجۆرە زانیارییان خستوەتەڕوو، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە بەردەم دادگای شۆڕشی ورمێ کەسوکار و بنەماڵەی زیندانییەکی سیاسیی کوردی سزادراو بە سزای لەسێدارەدان بە ناوی حەمید حسێن نەژاد حەیدەرئلوو گردبوونەوە و داوای ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدانی دەکەن.

ئاماژە بەوەشکراوە، بنەماڵەی ئەو زیندانییە سیاسییە بۆ سێیەم ڕۆژە لەبەردەم دادگای شۆڕشی ورمێ دەستیان بە گردبوونەوە کردووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران ڤیدیۆیەکی دانپێدانانی زۆرەملێ حەمید حسێن نەژاد حەیدەرئلووی بڵاوکردووەتەوە، کە تێدا هەوڵدراوە بە تۆمەتی”یاخیبوون”تۆمەتبار بکرێت.

هاوکات، بڕیاربوو ڕۆژی هەینی ڕابردوو حەمید حسێن نەژاد حەیدەرئلوو زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ لەسێدارە بدرێت، بەڵام بە هۆی مانگرتنی بنەماڵەکەی لە بەردەم زیندانییەکە جێبەجێکردنی سزاکەی دواخرا.

هەروەها، لە ڕۆژی ٢٧ـی ئاداری ئەمساڵدا حەمید حسێن نەژاد حەیدەرنلووی تەمەن ٣٩ ساڵی خەڵکی گوندی سگریکى سەر بە شارۆچکەی چاڵدێرانی سەر بە پارێزگای ورمێ لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە بە تۆمەتی “یاخیبوون دژی دەوڵەت” سزای لەسێدارەنەکەی پەسەند کرا.

جێگای ئاماژەیە، لە ڕۆژی ١٣ـی نیسانی ٢٠٢٣ حەمید حسێن نەژاد حەیدەرئلۆ بەبێ فەرمانی دادوەر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کرا، ١١ مانگ بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ خرایە ژێر ئەشکەنجە، هەروەها لە مانگی تەممووزی ٢٠٢٤ لە دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی “یاخیبوون دژی دەوڵەت” سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، دوای تێهەڵچوونەوەکە، دادگای باڵا بڕیارەکەی پەسەند کرد.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×