قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق ڕایگهیاند، هاتنی ئهحمهد شهرع، سەرۆکی ئێستای سوریا بۆ عێراق ڕەنگە ببێتە هۆی جێبەجێکردنی یاساکە و دەستگیرکردنی، بە لەبەرچاوگرتنی بونی فەرمانی دەستگیرکردن کە لە دژی دەرچوە، دهشڵێت، "سهردانی ئهحمهد شهرع له ئێستادا بۆ عێراق زوه".
ئاوێنە: قەیس خەزعەلی لە بەیاننامەیەکدا باسی لهوهكردوه، "بونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵاتی برای عێراق و سوریا، شتێکی جەوهەرییە و خزمەت بە بەرژەوەندییەکی هاوبەش دەکات، بهڵام سهردانی سەرۆکی ئێستای ڕژێمی سوریا لە عێراق پێشوەختەیه و زوه".
خەزعەلی جەختی لە "پێویستی پابەندبون و ڕێزگرتن لە بڕیارەکانی دەسەڵاتی دادوەری عێراق کردەوە، بەگوێرەی پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان"، داوایکرد ئەو بابەتە بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بە شێوەیەک کە سەروەری عێراق بپارێزێت و ڕێز لە بڕیارەکانی دامەزراوە دەستوریەکانی بگرێت.
ئەو لێدوانەی قەیس خەزعەلی لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سوریا بەرەو کرانەوەیەکی هەنگاو دەنێت، ئەوەش دوای کۆبونەوەی نێوان محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئەحمەد شهرع، سەرۆکی حکومەتی ڕاگوزهری سوریا بە سەرپەرشتی قەتەر.
پێشتر پەیوەندییەکانی عێراق و سوریا بەهۆی کێشە ئاڵۆزەکانی ئەمنی و تیرۆرەوە، هەروەها دۆسیە یاساییەکانی پەیوەست بە پشتیوانی لە گروپە تیرۆریستییەکان لە سەردەمی ئەو توندوتیژییە تائیفیانەی کە لە دوای ساڵی 2003 ڕوی لە عێراق کرد، تێکچوبو.
لێدوانەکانی خەزعەلی وەک هەوڵێک بۆ دانانی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ کردەوەکانی داهاتوی عێراق بەرامبەر بە سوریا سەیر دەکرێت، بەتایبەتی کە مشتومڕی ناوخۆیی بەردەوامە لەسەر چۆنیەتی هاوسەنگکردنی ئیمتیازەکانی کرانەوەی ناوچەکە لەگەڵ مەرجەکانی ڕێزگرتن لە دەسەڵاتی دادوەری عێراق و پاراستنی سەروەری نیشتمانی.
لەو چوارچێوەیەشدا بەغدا هەوڵدەدات لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ دیمەشق بکاتەوە، بەڵام لە چوارچێوەی هەلومەرجێکدا کە ئاسایشی نیشتمانی بپارێزێت و ئەو ئاڵۆزییە سیاسی و دادوەرییە لەبەرچاو بگرێت کە لە چەندین ساڵ لە ململانێدا بۆیان ماوەتەوە.