هەڤاڵ ئەبوبەکر: سلێمانی دەتوانێت رۆڵی سەرەکی ببینێت لە رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی
  2025-04-20       153       

پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت، عێراق چوارەمین وڵاتە لەسەر ئاستی جیهان کە رووبەڕووی وشکەساڵی بووەتەوە. دەشڵێت، سلێمانی دەتوانێت رۆڵی سەرەکی ببینێت لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردەیە.

ئاوێنە: هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دیاردەی تێکچوونی ژینگە، وشکەساڵ و بەبیابانبوون بووەتە هەڕەشەیەکی جددی لەسەر ناوچەکە، بەڵام سلێمانی و هەرێمی کوردستان دەرفەتی ئەوەیان هەیە ببنە بەشێک لە چارەسەری ئەم قەیرانە ژینگەییە.

وتیشی، ئەگەر بەشێوەیەکی زانستی چارەسەری کێشەکانی بەبیابانبوون و وشکەساڵی نەکرێت، پێشبینیدەکرێت ساڵانی داهاتوو ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتییانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، روو لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بکەن، کە ئەمەش دەبێتەهۆی گۆڕانکاریی دیمۆگرافی و جوگرافی و، کاریگەریی نەرێنی لەسەر بازاڕی کار دروستدەکات و ئەگەری دروستبوونی شەڕ و ململانێ دروستدەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، سلێمانی خاوەنی ئەو توانایانەیە کە رۆڵێکی سەرەکی بگێڕێت لە رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی ژینگەیی، ئەمەش بەهۆی بوونی سەرچاوەی ئاوی زۆر و دووربوون لە هۆکارەکانی پیسبوون، جگە لە هۆشیاریی کۆمەڵگە لە گرنگیی پاراستنی ژینگە؛ بەڵام جەختی لەوە کردەوە، کە گەیشتن بەو رۆڵە، پێویستی بە پشتیوانیی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×