وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەسەر ڕوداوەکەی ئەمشەوی نێوان هاندەرانی نەورۆز و زاخۆ لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە دروستدەکرێت و سبەی سەردانی شوێنی ڕوداوەکە دەکرێت.
ئاوێنە: وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێكدا باسی لەوەکردوە، "ئەمشەو لە یارییەکی گەڕی 29ی خولی ئەستێرەکانی عێراق کە لە یاریگای نەورۆز لە شاری سلێمانی لە نێوان یانەی وەرزشی زاخۆ و یانەی وەرزشی نەورۆز بەڕێوەچو، بەداخەوە گرژیی دروستبو لە نیوان هاندەرانی هەردو یانەکە و بوە هۆی وەستاندنی یارییەکە و بە سوکی برینداربونی ژمارەیەک هاندەر".
ئاماژەی بەوەشکرد، بارودۆخی نەخوازراو کۆنتڕۆڵکراوە و هێزەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە گۆڕەپانەکەن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و پاراستنی گیانی یاریزان و هاندەران.
لە ڕاگەیەندراوەکدا هاتوە، بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ ئەنجومەنێکی لێکۆڵینەوە دروستکرا و بەیانی سەردانی شوێنی روداوەکە دەکات بۆ لێکۆڵینەوەکردن و دەرخستنی ڕاستییەکان.
وەزارەتی ناوخۆ داوا لە هاندەرانی هەردو یانە و هاوڵاتیان دەکات کە بە رۆحی وەرزشی مامەڵە بکەن و کەناڵەکانی میدیاش هاوکاربن لە بڵاوکردنەوەی رۆحی وەرزشی و برایەتی کە بەشێکن لە بنەماکانی کێبڕکێی نێوان هەموو یانەکانی کوردستان و عێراق و وەرزش بە شێوەیەکی گشتی.