ئەكسیۆس: عراقچی پێشنیاری رێككەوتنێكی كاتی كردوە و ویتكۆف لە ئێستادا رەتی كردۆتەوە
  2025-04-24       458       

پێگەی "ئەكسیۆس"ی ئەمریكی لەزاری دو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویكردۆتەوە كە رۆژی شەممە لەمیانی دانوستانەكاندا لە رۆما، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە ستیڤ ویتكۆف، نوێنەری كۆشكی سپی راگەیاند، گەیشتن بە رێككەوتن لەماوەی 60 رۆژدا قورسەو پێشنیاری رێككەوتنێكی كاتی كردوە، بەڵام ویتكۆف وتوشیەتی، نایەوێت لە ئێستا گفتوگۆ لەبارەی رێككەوتنی كاتییەوە بكات.

ئاوێنە: پێگەی ئەكسیۆس، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راپۆرتێكدا لە زاری دو سەرچاوەی ئاگادارەوە ئاماژەی بەوەداوە كە عراقچی لە دانوستانەكانی رۆما بە ویتكۆفی وتوە، سروشتی تەكنیكی و وردەكارییەكانی هەر رێككەوتنێكی ئەتۆمی، وادەكات زۆر قورس بێت دانوستانەكان لەماوەی 60 رۆژدا بگەنە ئەنجام، بۆیە پێشنیاری رێككەوتنێكی كاتی كردوە.

بەڵام بەگوێرەی قسەی سەرچاوەكان، ویتكۆف بە عراقچی وتوە، لە ئێستادا نایەوێت گفتوگۆ لەبارەی رێككەوتنی كاتییەوە بكات، لەبری ئەوە دەیەوێت سەرنجی لەسەر گەیشتن بە رێككەوتنێكی گشتگیر بێت لەماوەی 60 رۆژدا.

لەگەڵ ئەوەش نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەكگرتوەكان لە لێدوانێكدا بۆ ئەكسیۆس، رەتیكردۆتەوە وەزیری دەرەوەی ئێران پێشنیاری رێككەوتنی كاتی كردبێت و وتویەتی، ئەو زانیارییانە نادروستن و ورد نین.

بەقسەی سەرچاوەكان، ویتكۆف وتویەتی، ئەگەر لەگەڵ نزیكبونەوەی وادەی كۆتایی دانوستانەكاندا هەردولا پێیانوابو پێویست بە كاتی زیاترە، ئەو كات دەتوانن چاو بە بیرۆكەی رێككەتنێكی كاتیدا بخشێننەوە.

ئەوەش خراوەتەڕو، ویتكۆف و عراقچی لە رۆما بەشێوەی ناڕاستەوخۆ و بەنێوەندگیری وەزیری دەرەوەی عومان گفتوگۆیان كردوە بەڵام بەشێوەی راستەوخۆش یەكیان دیوە.

ترەمپ ماوەی دو مانگی دیاریكردوە بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی گشتگیر لەگەڵ ئێران لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئەو وڵاتە، بەڵام وادەی دەستپێكردن و كۆتایی ئەو دو مانگەی دیاری نەكردوە، لەگەڵ ئەوەش بەرپرسە ئەمریكییەكان پێیانوایە كاتەكە بەخێرایی دەڕوات.

پێگەی ئەكسیۆس لە زاری بەرپرسێكی باڵای ئەمریكاوە ئاماژەی بەوەداوە كە ویتكۆف و عراقچی "هەنگاوێكی زۆر باشیان بەرەو پێشەوە ناوە" لە میانی دانوستانەكانی رۆمادا.

عراقچی، دوێنێ چوارشەممە لەمیانی سەردانەكەیدا بۆ پەكین رایگەیاند، ئەمریكا و ئێران گەیشتونەتە لێكتێگەیشتنێكی باشتر لەبارەی بنەماكانی رێككەوتن كە دەكرێت پێی بگەن و ئێستاش "دەرفەتێك بۆ بەرەوپێشچون لەئارادایە."

لەدوای دانوستانەكانی رۆما، وەزارەتی دەرەوەی عومان لە راگەیەندراوێكدا وتی، هەردولا رێككەوتن لەسەر "چونە نێو قۆناغی دواتر"ی دانوستانەكان.

وەزارەتی دەرەوەی عومان ئاماژەی بەوەشدا كە ئێران و ئەمریكا رێككەوتن لەسەر كاركردن  لەسەر "رێككەوتنێكی دادپەروەرانە و هەمیشەیی و پابەندكەر كە ئێرانێكی بێ چەكی ئەتۆمی و بێ سزا لەخۆبگرێت لەگەڵ پاراستنی تواناكانی بۆ پەرەپێدانی وزەی ئەتۆمی لە بواری ئاشتیدا."

بڕیاری رۆژی شەممەی داهاتو وەفدی تەكنیكی ئێران و ئەمریكا لە عومان یەكەم گەڕی دانوستانە تەكنیكییەكان ئەنجام بدەن. ئەمریكییەكان باس لەوە دەكەن كە مایكڵ ئەنتۆن، گەورە بەرپرسی پلاندانانی سیاسەتەكان لە وەزارەتی دەرەوە سەرۆكایەتی تیمی تەكنیكی ئەمریكییەكان دەكات.

زۆرترین بینراو
سەرۆکی نوێی حەماس بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە چوار کوڕی لەدەستداوە
وەزیرێکی حکومەتەکەی سودانی لەبارەی دۆزینەوەی پارە لە ماڵەکەیدا: ئامادەم هاوکاری دەسەڵاتی دادوەری بکەم
ئۆجەلان: ئەگەر کورد لەتورک جیا بکەیتەوە کورد نامێنێت، ئەگەر تورک لەکورد جیا بکەیتەوە تورک نامێنێت
وتەبێژی بەنزینخانەکان: پابەندی بڕیارەکەی حکومەت نابین بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین
وتەبێژی حکومەتی عێراق چەند بڕیار و پەیامێکی گرنگی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاگەیاند
داهاتی گومرگیەکانی هەرێم دەچێتەسەر هەژماری هەرێمی کوردستان
موقاوه‌مه‌ی ئیسلامی مه‌رجی نوێ بۆ ده‌ستبه‌رداربوون له‌ چه‌ك ڕاده‌گه‌یه‌نێت: "ته‌نیا به‌ فه‌رمانی ئیمام مه‌هدی چه‌ك دادەنێن"
ئۆزگور ئۆزێل ماڵئاوایی لەجەهەپە دەکات: ئێمە پارتی نوێی خۆمان دادەمەزرێنین
مرۆڤبوون.. مۆدێرنیتەی سیاسی‌و میوانداری لەکوردستانی عێراق*
ترەمپ لەگەڵ سەرۆکی لوبنان کۆبووەوە و لەبارەی ئێران هەڵوێستی نوێی راگەیاند
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×