پەرلەمانتارێک: هێزەکانی تورکیا لە باکوری عێراق داگیرکەرن نەک هێزێکی دژە تیرۆر
  2025-04-27       243       

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق ئه‌مڕۆ ڕایگەیاند، پێویستە ئەو هێزەی تورکیا کە لە باکوری عێراق ئامادەن، بە "هێزی داگیرکەر" وەسف بکرێن، نەک هێزی دژە تیرۆر، وەک خۆیان وەسفی خۆیان دەکەن، ده‌شڵێت، عێراق ناتوانێت لێپرسینەوە لەو هێزانە بکات ئەگەر هەڵە بکەن.

ئاوێنە: یاسر حوسێنی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئه‌مڕۆ یەکشەممە به‌ سۆمەریە نیوز-ی ڕاگەیاند، "نزیکەی دو ساڵ لەمەوبەر هێزەکانی تورکیا نزیکەی 20 کیلۆمەتر لە ناوەندی موسڵەوە دوربون، پاشان بەردەوام بون لە پێشڕەوی بە ئاڕاستەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ئەو ناوچانە و نزیکبونەوە له‌ قەزای شەنگال".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "هەمو ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی توركیا بە زانیاری و هۆشیارییەوە ئەنجام دراون، هەروەها بەگوێرەی ڕێککەوتنێک کە لەماوەی ڕابردودا لە ساڵی ڕابردودا واژۆ کرا کاتێک حکومەتی سودانی لەگەڵ لایەنی تورکیا گەیشتە ڕێککەوتن، پارێزبەندی و دەسەڵاتی بە سوپای تورکیا بەخشی بەهۆی بونی لە سەر خاکی عێراق، لە چوارچێوەی ناوەندی هەماهەنگی هاوبەشی نێوان عێراق و تورکیادا، لەگەڵ ئەوەشدا لە واقیعدا ئەو هێزانە زیاتر لە داگیرکاری دەچن نه‌ك هێزی دژە تیرۆر".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ باس له‌وه‌شده‌كات، "ڕێککەوتنەکەی حكومه‌تی سودانی و توركیا بڕگەیەکی لەخۆگرتبو کە تێیدا هاتوە کە دەسەڵاتی دادوەری عێراق ناوبژیوانی کۆتایی ئیجرائاتەکانی نێوان هەردولایە، بەڵام ئەو بڕگەیە لابراوە، هەمان شت بۆ لێپرسینەوە لە ئەندامانی ئەو هێزە تورکییانە دەگونجێت ئەگەر هەڵە بکەن، هەروەها ئەو بڕگەیەش لابراوە".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×