کۆمپانیای ژێرخانی پەیوەندییەکانی ئێران ئهمڕ دوشەممە ڕایگەیاند، دوێنێ هێرشێکی گەورەی ئەلیکترۆنی پوچەڵکردوەتەوە.
ئاوێنە: ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی نیمچە فەرمی ئێران لە زاری بەرپرسی کۆمپانیای ژێرخانی پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتەوە بڵاویکردەوە، یەکێک لە بەرفراوانترین و ئاڵۆزترین هێرشە ئەلیکترۆنییەکان بۆ سەر ژێرخانی ئەو وڵاتە، دوێنێ یەکشەممە پوچەڵ کرایەوە.
سەرۆکی کۆمپانیای ژێرخانی پەیوەندییەکان وردەکاری زیاتری سەبارەت بە هێرشەکە و لایەنەکانی پشتەوە و ئامانجەکانی نەخستەڕو.
ڕاگەیاندنی ئەو هێرشە ئەلیکترۆنییە دوای ئەوە هات کە ڕۆژی شەممە (26ی 4ی 2025) تەقینەوەیەکی بەرفراوان بەندەری ڕەجایی هەژاند و بەهۆیەوە 40 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی هەزار کەسی دیکەش برینداربون.
مەسعود پزیشكیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە میانی دیدارێکی لەگەڵ بەرپرسان کە لە تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران پەخش کرابو، وتی، "دەبێ هۆکاری تەقینەوەکە بزانین".
هەرچەندە هیچ کەسێک لە ئێران پێشنیاری ئەوەی نەکردوە کە تەقینەوەکە دەرئەنجامی هێرشێک بوە، بەڵام عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کە سەرکردایەتی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا دەکات، دانی بەوەداناكه "ئاسایشیان لە ئامادەباشییەکی زۆردایە بەهۆی هەوڵەکانی پێشوی تێکدان و تیرۆرکردنەکان کە پلانیان بۆ دانرابوو بۆ وروژاندنی وەڵامدانەوەی شەرعی".
یەکەمین لێدوانی ئیسرائیل لەسەر تەقینەوە گەورەکەی ڕۆژی شەممەی بەندەرەکەی گرتەوە، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بو، ڕۆژنامەی ماریڤی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسانی سەربازییەوە بڵاویکردەوە، "سوپای ئیسرائیل هیچ پەیوەندییەکی بەو تەقینەوەیە نییە کە لە ئێران ڕویداوه".