سەدان بنكەی حووسییەکان لەلایەن ئەمریکاوە بۆردوومانکران
  2025-04-28       130       

سێنتکۆم بڵاوی کردەوە، زیاتر لە ٨٠٠ بنكەی حووسییەکانمان کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە چەندین چەکدار و سەرکردەی دیاری حووسییەکان کوژراون.

ئاوێنە: هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا-سێنتکۆم، سەبارەت بە بۆردوومانکردنی زیاتر لە ٨٠٠ بنكەی حووسییەکان ڕاگەیەندراوێكی بڵاوکردەوە، لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ڕاف ڕایدەر، زیاتر لە ٨٠٠ بنكەی حووسییەکانمان بۆردوومانکردووە، بەهۆیەوە چەندین چەکدار و سەرکردەی دیاری حووسییەکان کوژراون.

ئاماژە بەوەشکراوە، بەهۆی هێرشەكانمانەوە چەندین دامەزراوەی فەرماندەیی و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و دامەزراوەی پێشکەوتووی درووستکردنی چەک و شوێنی هەڵگرتنی چەکی پێشکەوتوویان لەناو براوە.

دەشڵێن، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆسەر بنكەی حووسییەکانی یەمەن بەردەوام دەبێت.

باس لەوەشکراوە، حووسییەکانی یەمەن لە بەرامبەر هێرشە بەردەوامەکانی ئەمریکادا، بە ڕێژەیەکی باش هێرشەکانیان کەمکردووەتەوە، بەشێوەیەک هەڵدانی مووشەکی بالیستی بەڕێژەی ٦٩٪  و هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە ڕێژەی ٥٥٪ کەم بووەتەوە.

جێگای ئاماژەیە، لە دوای ٧ـی تشرینی یەكەمی ساڵی ٢٠٢٣ و لە پاش سەرهەڵدانی شەڕی حەماس و ئیسرائیل، حووسییەكانی یەمەن پشتیوانی خۆیان بۆ حەماس دووپات كردەوە و ڕایانگەیاند، لە دەریایی سوور هەر كەشتییەكی ئیسرائیل یان وڵاتانی دیكە بەرەو ئیسرائیل بچێت دەیكەنە ئامانج.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×