ئێران بۆ نەتەنیاهۆ : وەڵامی هەر هێرشێکی سەربازی دەدەینەوە
  2025-04-28       158       

عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ دوشەممە لە بارەی هەڕەشەکانی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران لێدوانی دا و ڕایگەیاند، ئێران ئەوەندە بەهێزە كە هەر هەوڵێک بۆ تێکدان پوچەڵ بکاتەوە و هیچ بژاردەیەكی سەربازی نیە و هەر هێرشێک دەستبەجێ وەڵامی دەدرێتەوە.

ئاوێنە: عەباس عێراقچی، ئەمڕۆ دوشەممە ڕایگەیاند، ئەو خەیاڵەی كە ئیسرائیل هەیەتی و وابیر دەكاتەوە كە دەتوانێت وا لە ئێران بكات كە چی بكات و چی نەكات، ئەوەندە دوورە لە واقیع کە شایەنی وەڵامدانەوەی نییە.
 
ئاماژەی بەوەشكرد، ئێران ئەوەندە بەهێزە و متمانەی بە تواناکانی هەیە کە هەر هەوڵێک بۆ تێکدان یان دیکتاتۆری لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی پوچەڵ بکاتەوە. بەهیوان هاوتا ئەمریكیەكانیشیان بە هەمان ئەندازە خۆڕاگربن لەو بابەتەدا.

وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەشكرد، نەک هەر بژاردەی سەربازی نییە، بە دڵنیاییەوە چارەسەری سەربازیش نییە. هەر هێرشێک دەستبەجێ وەڵامی دەدرێتەوە.

ئەوە لە كاتێكدایە بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە داوای هەڵوەشاندنەوەی تەواوی ژێرخانی ئەتۆمی ئێرانی دوپاتکردەوە، لەکاتێکدا واشنتن و تاران دانوستان دەکەن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی .

ئەمریکا و ئێران تا ئێستا سێ خولی دانوستانی ناڕاستەوخۆیان بە نێوەندگیری عومان ئەنجام داوە بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە ڕێگری بکات لە دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی لەلایەن تارانەوە، لە بەرامبەر هەڵگرتنی گەمارۆ ئابورییە توندەکانی واشنتن.

دوای دانوستانەکانی ئەم مانگە لە ڕۆما، عومان ڕایگەیاند، ئەمریکا و ئێران بەدوای ڕێککەوتنێکدا دەگەڕێن کە ڕێگری لە بە دەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بكات لەلایەن ئێرانەوە و لەبەرامبەردا سزاکان هەڵبگرێت، بەڵام "توانای تاران بۆ پەرەپێدانی وزەی ئەتۆمی ئاشتیانە بپارێزێت".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×