پەرلەمانتارێکی ئێران نوێترین زانیاری لەبارەی تەقینەوەکەی بەندەر عەباس بڵاودەکاتەوە
  2025-04-28       193       

هەرچەندە بەرپرسانی باڵای ئێرانی لە ئێستادا ئەگەری تێکدەرانە سەبارەت بە تەقینەوەکەی بەندەر عەباس ڕەت دەکەنەوە، بەڵام پەرلەمانتارێکی ئێران ئاشکرای دەکات کە کۆمەڵێک ئاماژەی ڕوون هەیە کە ئیسرائیل دەستی لە تەقینەوەکەدا هەیە.

لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی هەواڵی (ڕۆکنا ) ئێرانی محەمەد سیراج، ئەندامی پەرلەمانی ئێران بانگەشەی ئەوەی کردووە تەقینەوەکەی بەندەر عەباس کارێکی تێکدەرانەیە.

سیراج بانگەشەی ئەوەی کرد کە تەقینەوەی بەندەرەکە لە چوار خاڵی جیاواز ڕوویداوە و، وتی" ڕوودانی تەقینەوەکە لە چوار خاڵی جیاواز، بەواتای ئەوە دێت ماددەی تەقینەوە لە ناو کۆنتێنەرەکاندا هەبووە".

ڕاشیگەیاند" بەگشتیی ماددە کیمیاییەکان تەنیا لە یەک خاڵدا ئاگردەگرن و دەبنەهۆی کەوتنەوەی ئەم جۆرە تەقینەوانە. ڕەنگە ئەم کۆنتێینەرانە لە کاتی گواستنەوەدا تەقینەوەیان تێدا دانرابێت، تەنانەت ڕەنگە لەلایەن سیخوڕانی خۆجێییەوە تەقینەوەیان تێدا دانرابێت".

سیراج ئەوەشی خستەڕوو کە ئەگەری ئەوە هەیە ئیسرائیل مانگە دەستکردەکانی بەکارهێنابێت بۆ تەقینەوەکان یان ئامێری تەوقیتکردن کە لە دوورەوە کاریان پێدەکرێت بەکارهێنابێت و وتی" بە تەواوی حیسابی ئەوەیان کردبوو کە کۆنتێینەرەکان زۆرترین زیان لە بەندەرەکە دروست دەکەن. ئاماژەگەلێکی ڕوون هەیە کە ئیسرائیل دەستی لەم کارەدا هەیە".

بە پێی ئامارەکان زیاتر لە ١٢٠٠ کەس لە تەقینەوەکەی بەندەری ڕەجایی لە بەندەر عەباس برینداربوون وتا ئیشتا ٤٠ کەس کوژراون و  زیانێکی زۆری ماددیشی بە بەندەرەکە گەیاندراوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×