بەگوێرەی فەرمانێکی سەرۆکایەتی، لایەنی ڕوسی لە یادی 80 ساڵەی ڕۆژی سەرکەوتن، لە نیوەی شەوی 7 لەسەر 8ـی (ئایار/5) تا نیوەی شەوی 10 لەسەر 11ی (ئایار/5)، ئاگربەست و ڕاگرتنی سەرجەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ڕادەگەیەنێت.
ئاوێنە: كۆشكی سەرۆكایەتی ڕوسیا (کرێملین) ئەمڕۆ دوشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "بە بڕیاری فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکان، سەرۆک ڤلادیمێر پوتن و بە پشتبەستن بە تێڕوانینی مرۆیی، لایەنی ڕوسی ئاگربەست ڕادەگەیەنێت لەو ڕۆژانەی کە یادی 80 ساڵەی ڕۆژی سەرکەوتنن".
ئاماژەی بەوەشكرد، ئاگربەشتەكە لە نیوەی شەوی 7 لەسەر 8ـی (ئایار/5) دەستپێدەكات و تا نیوەی شەوی 10 لەسەر 11ی (ئایار/5) بەردەوام دەبێت، كە ڕاگرتنی سەرجەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە خۆدەگرێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، پێویستە ئۆکرانیا لە یادی 80 ساڵەی سەرکەوتندا ئاگربەست ڕابگەیەنێت. ئەگەر ئاگربەستەکە لەلایەن ئۆکرانیاوە پێشێل بکرێت، هێزەکانی ڕوسیا وەڵامی گونجاو دەدەنەوە.
ئەوەشیخستەڕو، لایەنی ڕوسیا ئامادەیی خۆی دوپات دەکاتەوە بۆ ئەنجامدانی دانوستانەکانی ئاشتی بەبێ مەرجی پێشوەختە، بۆ نەهێشتنی ڕەگ و ڕیشەی قەیرانی ئۆکرانیا و پەیوەندی بنیاتنەر لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان.