"زیاتر لە 1400 زیندانی نەخۆش لە زیندانەكانی توركیا بونیان هەیە"
  2025-04-28       125       

بەپێی ڕاپۆرتی كۆمسیۆنی زیندانیانی ناوەندی كۆمەڵەی مافی مرۆڤ(ئیهەدە)، لانیكەم هەزار و 412 زیندانی نەخۆش لە زیندانەکانی تورکیادا بونیان هەیە، کە 335 کەسیان باری تەندروستییان زۆر سەختە.

ئاوێنە: کۆمیسیۆنی زیندانەکانی ناوەندی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (ئیهەدە)، لە راپۆرتێكدا كە ئەمڕۆ دوشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا خرایەڕو، وتی، وەزارەتی داد دەترسێت لە ڕاگەیاندنی زانیارییەکانی پەیوەست بە زیندانیانی نەخۆش و “لەم وڵاتەدا زۆرترین جار لە زیندانەکاندا مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ پێشێل دەکرێن.”

حسێن کوچوکبالابان، هاوسەرۆکی گشتیی ئیهەدە وتی “بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لەم پرۆسەی ئاشتی دەكەین. زۆر کێشەی گەورە و کێشەی مافی مرۆڤ و شێواندنی پرسی کورد هەیە کە لەگەڵ خۆیدا هێناویەتە بەرباسەوە. عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ نەهێشتنی ئەو تێکدانانە بانگەوازی کرد، لەو ڕۆژەوە ئێمە و تەواوی ڕای گشتی چاوەڕێی هەڵوێستی دەوڵەتین، بەڵام تا ئێستا هیچ نەخشەڕێگایەک ڕانەگەیەندراوە. ماوەیەک لەمەوبەر شاندی دەم پارتی لەگەڵ وەزارەتی داد دیداریان ئەنجامدا."

کوچوکبالابان لە بەردەوامی قسەکانیدا، ڕایگەیاند کە پێویستە لەسەر ئەم بابەتە هەنگاوی خێرا بنرێت. کوچوکبالابان هیوای خواست کە ڕاپۆرتی زانیارییەکەیان ببێتە ڕێنوێنییەک بۆ چارەسەری پرسی کورد و داوای کرد سەرەتا زیندانییە نەخۆشەکان ئازاد بکرێن.

کوچوکبالابان لە درێژەی قسەکانیدا وتی: “هیچ مەرجێک بۆ ئاشتی و دیموکراسی نییە، بێگومان چەک دانان و کۆتاییهێنان بە توندوتیژی گرنگە، بەڵام بۆ ئەمەش پێویستە دەوڵەت هەنگاوی متمانەپێکراو بنێت و ئۆپەراسیۆنەکانی بوەستێنێت، تا پێشێلکردنی مافی ژیان بەردەوام بێت، متمانە بە چارەسەری پرسی کوردیش کەمترە، وەزارەتی داد دەبێت دەستبەجێ پاکێجێکی هەموارکردنەوە بۆ پەرلەمان بنێرێت.

پاش ئەوە نورای چەڤیرمەن، بەڕێوەبەری ناوەندی گشتیی ئیهەدە و یوسف ئەردۆغان ئەندامی کۆمیسیۆنی زیندانەکانی ناوەندی ئیهەدە ڕاپۆرتەکەیان خوێندەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەو زانیاریانە کراوە کە پێشکەش بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤ کراوە، کۆبونەوەکانی پارێزەران لەگەڵ موکیلەکانیان، سەردانی بنەماڵە و کەسوکاری زیندانیان. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی زیندانەکان؛ هەتا 7ی نیسانی 2025، بە گشتی 403 هەزار و 60 زیندانی لە 395 زیندان لە تورکیادا بونیان هەیە و لەوانە لانیكەم هەزارو 412 كەسیان نەخۆشن و 335یشیان باری تەندروستی زۆر سەختە.

راپۆرتەكە پێشنیاری كردوە كە دەبێت چارەسەری بەپەلە و هەمیشەیی بۆ زیندانیانی نەخۆش لە زیندانەکانی تورکیادا بکرێت، دەبێت دەستبەجێ یاسایی جێبەجێکردنی زیندانیانی نەخۆش کە بە هەلومەرجی زیندان چارەسەریان بۆ بکرێت، بوەستێنرێت.

هەروەك ئاماژەی بەوەشداوە، پێویستە هەڕەشەکان لەسەر دەروون و جەستەیی زیندانییەکان نەهێڵرێت و جێبەجێکردنی شایستەی شکۆمەندانەی مرۆڤایەتی پەرەی پێبدرێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×