ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم بڕیاریدا بە خەرجكردنی زیاتر لە 45 ملیار دینار بۆ پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین.
ئاوێنە: وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، وەزیری دارایی بڕیاریدا بە خەرجکردنی زیاتر لە 45 ملیار دینار بۆ دەرمان و پێداویستی تەندروستیی سلێمانی و نەخۆشخانەی هیوا و شەقامی 100 مەتری سلێمانی و ڕێگای دوسایدی کەلار - دەربەندیخان و شایستەی کۆمپانیاکانی خۆڵ و خاشاک و پڕۆژە بەردەوامەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین.
وەزارەتەكە ئاماژەی بەوەشداوە، هەر لە چوارچێوەی بڕیارەکاندا وەزیری دارایی بڕیاریدا بەبەردەوامبونی لیژنەی خەرجکردنی گەڕانەوەی (التأمینات و خطاب الضمان)ی بەڵێندەران لەسەرجەم بانکەکان، بەمەبەستی گەڕاندنەوەی پابەندییەکان بەپێی ڕێژە و گوژمەی دیاریکراو.
بەپێی راگەیەندراوەكە، ئەو زیاتر لە 45 ملیار دینارە بەم شێوەیە خەرجكراوە:
١- ٤،٥٠٠،٠٠٠،٠٠٠ چوار ملیار و پێنجسەد ملیۆن دینار بۆ خەرجی دەرمان بۆ بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی.
٢- ٤،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ چوار ملیار دینار بۆ خەرجی دەرمان بۆ نەخۆشخانەی هیوا.
٣- ٣،٥٠٠،٠٠٠،٠٠٠ سێ ملیار و پێنجسەد ملیۆن دینار ، بۆ سەرجەم پڕۆژەکانی سلێمانی و دەوروبەری.
٤-٣،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ سێ ملیار دینار بۆ سەرجەم پرۆژەکانی ئیدارەی گەرمیان.
٥- ٢،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ دوو ملیار دینار بۆ سەرجەم پڕۆژەکانی ئیدارەی ڕاپەڕین.
٦- ٢،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ دوو ملیار دینار بۆ سەرجەم پڕۆژەکانی پارێزگای هەڵەبجە.
٧- ٥،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ پێنج ملیار دینار بۆ پڕۆژەی ڕێگای دوو سایدی کەلار - دەربەندیخان.
٨- ٢٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ بیست ملیار دینار وەک شایستەی دارایی پڕۆژەی شەقامی ( ١٠٠ ) مەتری سلێمانی ( شاڕێی بابان ).
٩- ١،٥٠٠،٠٠٠،٠٠٠ یەک ملیار و پێنجسەد ملیۆن دینار پارەی خۆڵ و خاشاک.