کەناڵ8 لەبارەی چارەنووسی ئەکرەم ساڵح و جودی حاج عەلی، کە دوێنێوە لە دیمەشق و لە کاتی رووماڵی شەڕەکانی دیمەشق دا پەیوەندییان بە ناوەندی هەواڵەوە کەناڵەکەوە پچڕاوە، راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
دەقی راگەیاندراوەکەی کەناڵ8:
راگەیەندراوێک بۆ رای گشتى و لایەنە پەیوەندیدارەکان و رێکخراو و سەندیکاکانى رۆژنامەوانى
لە ئێوارەى دوێنێ چوارشەممە 30ـى نیسانى 2025ـەوە، هاوکارانمان، ئەکرەم ساڵح و جودى حاج عەلى رووماڵى گرژى و ئاڵۆزییەکانى دیمەشقیان دەکرد، تاوەکو کاتژمێر 06:00ـى ئێوارە پەیوەندییان بە ناوەندى هەواڵى کەناڵ8ـەوە هەبوو، پاشان پەیوەندییەکەیان پچڕا و لەوکاتەشەوە هیچ زانیارییەکمان لەبارەیانەوە نییە.
ئێمە لە کەناڵ8 لەسەرەتاى رووداوەکانى سووریا بەشێوەیەکى پیشەییانە کارمانکردووە و خۆمان لە لایەندارى بۆ هەرلایەک پاراستووە و رووماڵ و کارەکانمان گەواهیدەرى ئەو راستییەن.
هاوکارانیشمان لە نووسینگەکانی سووریا، بەدرێژایی پێنج مانگى رابردوو بەشێوەیەکى پیشەییانە کارەکانیان ئەنجامداوە و رووماڵى رووداوەکانیان کردووە.
سەربارى هەوڵەکانى کەناڵ8 لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و رێکخراو و رۆژنامەوانانى سەربەخۆ بۆ ئاشکراکردنى چارەنووسی هاوکارانمان، بەڵام تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە.