گەڕی چوارەمی دانوستانەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا كە بڕیاربو رۆژی شەممەی داهاتو لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەبچێت، دواخرا.
ئاوێنە: بەدر ئەبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان، كە نێوەندگیری دانوستانەكان دەكات، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێكس رایگەیاند، دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریكا كە بڕیاربو رۆژی شەممە 3ی ئایار بەڕێوەبچن، لەبەر چەند هۆكارێكی لۆجستی دەخرێتە كاتێكی دیكە.
وتوشیەتی، وادەی نوێی بەڕێوەچونی دانوستانەكان، دوای رێككەوتنی هاوبەش، رادەگەیەندرێت.
هاوكات ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەواڵەكەی بۆ میدیای رەسمی وڵاتەكەی پشتڕاست كردۆتەوەو رایگەیاند، دواخستنی دانوستانی رۆژی شەممە لەسەر پێشنیاری وەزیری دەرەوەی عومان دواخراوە، وادەی نوێی بەڕێوەچونی دانوستانەكان دواتر رادەگەیەندرێت.