راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكاو جێگرەكەی لە پۆستەكانیان دورخرانەوە
  2025-05-01       368       

میدیاكانی ئەمریكا بڵاویان كردەوە، مایك واڵتز، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكاو جێگرەكەی ناچاركراون بە دەستلەكاركێشانەوە لە پۆستەكانیان، ئەوەش یەكەم گۆڕانكاری گەورەیە لە ئیدارەكەی دۆناڵد ترەمپدا لە مانگی یەكەوە كە سەرۆكایەتی ئەمریكای وەرگرتوە.

ئاوێنە: میدیاكانی ئەمریكا ئاماژەیان بەوەشداوە كە جگە لە مایك واڵتز، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكاو جێگرەكەی ئەلێكس ۆنگ، چاوەڕوان دەكرێت چەند كارمەندێك دیكەش لە پۆستەكانیان دوربخرێنەوە.

لەكارلادانی مایك واڵتز دوای ئەوە دێت كە لە كۆتایی مانگی سێی ئەمساڵدا، جێفری گۆڵدبێرگ، سەرنوسەری گۆڤاری ئەتلانتیك رایگەیاند، لەلایەن بەكارهێنەرێكەوە بەناوی "مایك واڵتز" بەهەڵە بۆ گروپ چاتێكی بەرنامەی سیگنال زیادكراوە كە تێیدا گەورە بەرپرسانی ئەمریكا باسیان لە پلانی هێرشەكانی سەر یەمەن كردوە.

بەگوێرەی قسەی سەرنوسەری ئەو گۆڤارە لە گروپ چاتەكەدا جگە لەو واڵتز، دو بەكارهێنەری دیكە بەناوەكانی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا و پیت هێگسێت، وەزیری بەرگری ئەمریكای تێدابوە.

گۆڵدبێرگ ئاماژەی بەوەشدابو كە لە گروپ چاتەكە، دو سەعات بەرلە هێرشەكان، پلانە نهێنییەكانی هێرشەكانی ئەمریكای بۆ سەر یەمەن بینیون كە لەنێویاندا جۆری هێرشەكان و ئامانجەكان و كاتی هێرشەكانی تێدابوە.

دواتر واڵتز ئاماژەی بەوەدا كە نازانێت چۆن گۆڵدبێرگ بۆ گروپەكە زیادكراوە بەڵام لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ فۆكس نیوز وتی، بەرپرسیارێتی تەواو هەڵدەگرێت.

دواتریش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، لە بابەتەكە دەكۆڵێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×