ئێزدییەکان جەژنی جمایی خاتوون فەخرایان پیرۆز کرد
  2025-05-02       203       

کۆمەڵگای ئێزدی بە پیرۆزکردنی جەژنەکانی جمایی، پێشەنگەکانی خۆیان کە بە خواوەند پێناسەیان دەکەن، بە بیر دێننەوە، ئەمساڵیش بە هەزاران کەس ڕوویان کردە قوبەی خاتوون فەخرا و جەژنی جماییان پیرۆز کرد.

ئاوێنە: جەژنی جمایی یەکێکە لە نموونە هەرە بەرچاوەکان کە نوێنەرایەتی بیرهێنانەوەی خوداوەندەکانی ئەم باوەڕە دەکات، ئەو پێشەنگانەی کە هەندێکیان بە ڕاز و شکۆمەندی خۆیان، هەندێکیشیان بە سەری خۆیان پێشەنگایەتییان بۆ پاراستنی ئێزدیەتی کردووە لە بیر ناکرێن و نەوەکانیان لەسەر خاکی پیرۆزی شنگال بە ئازادیی خاوەنداریی لە بیرەوەرییەکانیان دەکەن.

خوداوەندەکان لە سەردەمێکدا پێشەنگایەتییان بۆ پاراستنی باوەڕی خۆیان کرد؛ هەندێکیش بە شەڕ خاکی پیرۆزی خۆیان پاراست، ئێستاش ئەو پێشەنگانە لە ناو کۆمەڵگادا خوداوەندن، پیرۆزن و بە واتان هەر بۆیە لە باوەشی چیای شنگالدا بەخاک سپێدراون و بوونەتە ڕازێک، ئەم ڕازە لە ناو پارچەیەک قوماش و بە لقێکی لە داری مرزادا لەبەردەم قوبەی خاتوون فەخرا لە دۆڵی شێخمەندە شاردراونەتەوە.

خاتوون فەخرا کێیە؟

خاتوون فەخرا لە خانەوادەی  فەخرەدینە، خاتوون لە باوەڕی ئێزدییەکاندا بە ناوی خاتوون فەخرا ناسراوە، ناوی ڕاستی غەزالە، غەزال کچی شێخ فەخرەدین و خوشکی شێخمەند و شێخ بەدرە، لەبەر ئەوەی لە خانەوادەی فەخرەدینە، پاشناویان کردووە “فەخرا”، خاتوون بەو مانایە دەوترێت: خانم لە بنەماڵەی فەخرەدین.

خاتوون فەخرا لە نێوان ساڵی ١١٦٠ تا ساڵی ١٢٠٠ ڕێبەرایەتی ژنانی ئێزدی کرد و وەک سەرۆکی ژنان قبووڵ کرا، بە تایبەتی ژنانی نەخۆش سەردانی خاتوون فەخرا دەکەن و بە دوعاکانی چارەسەر کراون.

بە پێی وتەی پێشینان، لە سەردەمی کۆمەڵکوژییەکاندا، خاتوون فەخرا پێشەنگایەتی خاتوونە شێخەکانی کرد، کە چینێکن لە شێخەکانی ئێزدی، بە پێشەنگایەتی خاتوون فەخرا، کۆمەڵکوژیی لەسەر ئێزدییەکان تێکشکێندرا، بۆیە شێخەکانی خاتوون فەخرا لەگەڵ حەوت عەشیرەتی ئێزدی، خاتوون فەخرا وەک خودای خۆیان قبووڵ دەکەن، عەشیرەتەکانی قیرانی، داوودا، شەرکا دوو عەشیرەت، زەندینا، هەلیقی، فەقیر و شێخەکانی خاتوون، هەموو ساڵێک خێرێکی زۆر بە ناوی خاتوون فەخراوە دەکەن.

ساڵانە جەژنی جمایی خاتوون فەخرا لە گوندی هەلیقی، کە سەر بە خانەسۆرە، پیرۆز دەکرێت.

ئەمساڵیش جەژنی جمایی خاتوون بە بەشداری هەزاران کەس پیرۆز کرا، جەژنەکە کە ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوو، ئەمڕۆش لە هەموو شنگالەوە، کۆمەڵگای ئێزدی لەبەردەم قوبەکە کۆبوونەوە.

بە ڕێوڕەسمە ئاینییەکان هیلالی قوبەکە بەدەم وتنەوەی بەیتە ئاینییەکان دانرا و جەژنی جمایی بە گێڕانی گۆڤەندی شنگالی تا  درەنگانی ئێوارە بەردەوام بوو.

بۆ ئەوەی گەل لە ئارامیدا جەژنی خۆیان پیرۆز بکەن، لە ماوەی هەر دوو ڕۆژەکەدا، ئاسایشی ئێزدیخان ئەرکی پاراستنی هەموو ناوچەکەی لەسەر شان بوو.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×