سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، لە شەڕی دژ بە چەتەکانی داعشدا ڕۆژنامەنوسان لە پێشەوەی هەموانەوە بوون، دەشڵێت، ئەرکی ڕۆژنامەنووس گەیاندنی ڕاستییەکانە و لە پشتیوانیکردنی دەوڵەت و یاسا و دەستوردا ڕۆڵیان هەیە.
ئەمڕۆ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەری پێشوازی لە بنەماڵەی شەهیدانی ڕۆژنامەگەری عێراقی کرد و پەیامێکی بڵاوکردەوە.
محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاند، لە شەڕی دژ بە چەتەکانی داعشدا ڕۆژنامەنوسان لە پێشەوەی هەموانەوە بوون بۆ گەیاندنی ڕاستیەکانی شەڕ و پێکدادان، ئەمڕۆش دەرفەتێکە گوێگرتن لە داواکارییەکانیان.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەرکی ڕۆژنامەنووس گەیاندنی ڕاستییەکانە و لە پشتیوانیکردنی دەوڵەت و یاسا و دەستوردا ڕۆڵیان هەیە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی، کە ڕۆژنامەگەری پایەیەکی بنەڕەتی لە بنیاتنانی سیستەمێکی دیموکراسی پێکدەهێنێت.
باسی له بەرپرسیارێتی حکومەت کرد، لە ڕەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ کاری ڕۆژنامەگەری و جەختی لەسەر پێویستی پەیامێکی ڕۆژنامەوانی مرۆیی کردەوە، کە پێداویستی و کەموکورتییەکان دەستنیشان بکات و خزمەت بە گەشەپێدان بکات و بەشدار بێت لەگەیاندنی دەنگی هاوڵاتیان بە بەرپرسان.