شارەزایەكی بواری كەشناسی ڕایگەیاند: هەر ساڵێک ڕێژەی بارانبارین لە ناوچه بیابانییەکان کەم بێت، ئەوا خۆڵبارین زیاتر دەبێت و بە پێچەوانەشەوە، ئەو ناوچانەش خۆڵبارینی تێدا درووست دەبێت ناوچەکانی نێوان موسڵ و ئەنبار و ناوچە سنوورییەکانی نێوان عێراق و سووریایه.
ئاوێنە: سیروان ساڵح شارەزای بواری كەشناسی لەبارەی هۆکاری سەرەکی خۆڵبارین لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە فەیسبوكی خۆی ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، ساڵانە لە ناوەڕاستی وەرزی بەهار و وەرزی پایز لەگەڵ هاتنی شەپۆلەکانی باران بارین و بە زۆریش پەستان نزمە خەماسینیەکان چالاکی با لە ناوچە بیابانییەکانی خۆرئاوای عێراق زیاد دەکات و دەبێتە هۆی درووستبوونی خۆڵبارین.
وتوشیەتی: لەبەرئەوەی سرووشتی ئەو ناوچانە بەهۆی کەمی بارانبارینەوە ڕووپۆشی ڕووەکی کەمە و خاکەکەی فشەڵ و بەزۆریش لماوییە، کاتێک چالاکی با دەستپێدەکات خۆڵێکی زۆر بەهۆی کاریگەری بایەکەوە دەچێتە ئاسمان و بە ئاراستەی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی گەرمیان دێن.
ئەوەشی خستووەتەڕوو: زۆرجاریش ئاڕاستەی با بەرەو ناوەڕاست و باشووری عێراق خۆڵەکە دەگوازێتەوە ئەمەیان چڕترە و ساڵانە زیاتر دووبارە دەبێتەوە.
دەشڵێت: هەر ساڵێک ڕێژەی بارانبارین لە ناوچه بیابانییەکان کەم بێت، ئەوا خۆڵبارین زیاتر دەبێت و بە پێچەوانەشەوە، ئەو ناوچانەش خۆڵبارینی تێدا درووست دەبێت ناوچەکانی نێوان موسڵ و ئەنبار و ناوچە سنوورییەکانی نێوان عێراق و سووریایه.