فەرماندەیەكی هەسەدە رایدەگەیەنێت، ئەو هەواڵانەی باس لە كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە رۆژئاوا دەكەن، زادەی خەیاڵن و درۆن.
ئاوێنە: مەحمود حەبیب، فەرماندە لە هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە، لە پۆستێكدا لە فەیسبوك رایگەیاند، بەردەوامی هاوكاری و هەماهەنگی نێوان هەسەدە و هێزەكانی هاوپەیمانان، ئاماژەیەكی ئەرێنییە.
ئەوەشی خستۆتەڕو، لەماوەی دو رۆژی رابردودا، هەسەدەو هێزەكانی هاوپەیمانان چەند ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشیان لەدژی شانەكانی داعش ئەنجامداون و هەروەها شەو و رۆژ مەشق و راهێنانی هاوبەش لەنێوانیاندا هەیە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی ئۆپەراسیۆنەكان.
بەقسەی ئەو فەرماندەیەكی هەسەدە، هەر لە دو رۆژی رابردودا هێزەكانی هاوپەیمانان لە چەند پێگەیەكی نوێ لەوانە لە "سیرین" هێزیان جێگیركردوە و بەمزوانەش پێگەی نوێ لە بەنداوی تشرین دادەمەزرێنن و هەروەها پاڵپشتی سەربازی و لۆجیستی زیاتریان رەوانە كردوە بۆ بەهێزكردنی بنكەكانیان.
مەحمود حەبیب وتوشیەتی، ئەمەش لەكاتێكدایە كە هەندێك كەس دێن خەونی بچوكی خۆیان لەسەر بنەمای كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان بونیاتدەنێن و تەپڵ و چەپڵە بۆ هەمو ئەو هەواڵانە لێدەدەن كە زادەی خەیاڵن یاخود درۆن.