كەسوكارەكەی و رۆژنامەنوسان و چالاكوانانی دهۆك داوای ئازادكردنی ئومێد بەرۆشكی دەكەن
  2025-05-09       113       

ئەمڕۆ هەینی، بەشێك رۆژنامەنوسان و چالاكوانانی دهۆك و كەسوكاری ئومێد بەرۆشكی، رۆژنامەنوس و چالاكوانی سزادراوی بادینان، لەبەردەم دادگای دهۆك گردبونەوەیەكیان ئەنجامداو رایانگەیاند، سزادانی ئەو رۆژنامەنوسە، سزادانێكی سیاسییەو داوای ئازادكردنیان كرد.

ئاوێنە: یەكێك لە بەشدارانی گردبونەوەكە لە لێدوانیدا بۆ رۆژنامەنوسان وتی"ئێمە داوا لە دەسەڵاتی دادوەریی دەكەین كە ئومێد بەرۆشكی و زیندانیانی دیكەی بادینان بەزوترین كات ئازادبكرێن، چونكە وەك دەزانین ئەم هاوڕێیانەی ئێمە بە ناهەق لە زینداندان و سزاكانیان سزای سیاسین نەك سزای یاسایی."

هەروەها بەشداربویەكی دیكەی گردبونەوەكە وتی"دەستگیركردن و سزادانی ئومێد بەرۆشكی ئەمجارە لەكاتێكی جیادا بو، چونكە لە دەسپێكی پێكهێنانی ژیانی هاوسەرگیریدا بو و هەروەها لە قۆناغی یەكی زانكۆ بو، بۆیە لەلایەنی دەرونییەوە زۆر كاریگەری لەسەری هەبوە، ئەگەرچی كاك ئومێد لەوە مەزنترە بەو جۆرە بابەتانە بشكێندرێت."

رۆژی 30 كانونی دووەمی 2025، ئومێد بەرۆشكی لەسەر كەیسێكی رۆژنامەنوسی بە 6 مانگ زیندانی سزادرا، پارێزەرانی (ئومێد بەرۆشكی) تانەیان لە بریارەكەدا و رایانگەیاندبو كە كەیسەكەی بە سیاسی كراوە.

یەكێكی دیكە لە بەشداربوانی گردبونەوەكەی ئەمڕۆ، ئاماژەی بەوەدا "كاك ئومێد، چالاكوان و رۆژنامەوان، بە شەش مانگ زیندانیكردن بە ناهەق و بە ستەم، سزادراوە، پەیامی ئێمە ئەوەیە كە پێداچونەوە بە كەیسەكەیدا بكرێت و بەزوترین كات ئازادبكرێت چونكە غەدرێكی گەورەی لێكراوە."

ئەو بەشداربوە وتیشی"هەر كەسێك لە هەرێمی كوردستان رەخنە لە ئەدای دەسەڵات و حكومەت و رەخنە لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بگرێت، پێویستە ئەو كەسانە، رۆژنامەنوس بن یان چالاكوان، خەڵات بكرێن نەك سزابدرێن كەیسی جیاجیایان لەسەر بكرێتەوەو بخرێنە زیندان."

دوێنێ 8ی ئایاری 2025، بڕیاربو كاتژمێر 11 ئەو گردبونەوەیە بەمەبەستی ناڕەزایەتی لە بڕیاری دادگا و داوای ئازادكردنی (ئومێد بەرۆشكی) لەبەردەم دادگای دهۆك ئەنجام بدرێت، بەڵام لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە رێگری لە چالاكییەكە كرا.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×