ستیڤ ویتكۆف، نوێنەری تایبەتی ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، پیتاندنی یۆرانیۆم تەنانەت بە رێژەی %1یش لەلایەن ئێرانەوە بۆ ئەوان هێڵی سورەو رێگەی پێنادەن. لەبەرامبەردا وەزیری دەرەوەی ئێران جەخت دەكاتەوە كە لە پیتاندنی یۆرانیۆم لەناو ئێران بەردەوام دەبن.
ئاوێنە: ستیڤ ویتكۆف لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی ئەی بی سی نیوز، رایگەیاند، پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە لای ئێمە هێڵێكی سوری زۆر ئاشكرایە. تەنانەت ناتوانین رێگە بدەین ئێران بە ئاستی 1%یش یۆرانیۆم بپیتێنێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئێمە پێشنیارێكمان خستۆتە بەردەم ئێرانییەكان، پێمانوایە بەبێ بێڕیزكردن پێیان، بەشێك لەم پرسە چارەسەر دەكات. بەڵام هەمو شتێك لە دیدی ئێمەوە بە رێككەوتنێك دەست پێدەكات كە پیتاندنی یۆرانیۆم لەخۆ نەگرێت، ناتوانین ئەوە قبوڵ بكەین، چونكە پیتاندنی یۆرانیۆم، دەبێتە مایەی بەدەستهێنانی توانای دروستكردنی چەكی ئەتۆمی و ئێمە رێگە بەدروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی نادەین.
ویتكۆف وتوشیەتی، وێڕای ئەوە كۆمەڵێك رێگە هەن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانمان لەم دانوستانانەدا، پێموایە لەم هەفتەیەدا لە ئەوروپا كۆدەبینەوە، هیوادارین ئەو كۆبونەوەیە ئەنجامی ئەرێنی راستەقینەی هەبێت.
لەبەرامبەر ئەو لێدوانانەی ویتكۆف-دا، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پێموایە ئەو لە راستی دانوستانەكان زۆر دور كەوتۆتەوە، پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران بەردەوام دەبێت.
عەباس عراقچی لە لێدوانێكدا بۆ میدیای وڵاتەكەی ئەوەشی وتوە، بەم زوانە شوێن و كاتی گەڕی پێنجەمی دانوستانەكانی نێوان وڵاتەكەی و ئەمریكا بە نێوەندگیری عومان، دیاری دەكرێت.