هونەرمەندێكی كورد بەهۆی بڵاوبوونەوەی غازەوە ئاگری گرت و خۆیشی سوتا
  2025-05-22       307       

هونەرمەندێكی گۆرانیبێژ لە ڕۆژئاوای كوردستان، ماڵەكەی بەهۆی بڵاوبوونەوەی غازەوە ئاگری گرت و خۆیشی سووتا، بەهۆی زۆریی ڕێژەی سووتانەكەی، گیانی لەدەست دا.

ئاوێنە: ڕۆژی سێشەممە 20/5/2025، ماڵی جوان حەسەن، گۆرانیبێژی بەناوبانگی شاری (عەفرین)ی ڕۆژئاوای كوردستان، ماڵەكەی بەهۆی بڵاوبوونەوەی غازەوە ئاگری گرت و خۆیشی بە سەختی سووتا، لەو ڕۆژەوەش لە بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەیەكی (خەلەب) خەوێنرا.

بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 22/5/2025، بەهۆی زۆریی ڕێژەی سووتانەكەی، هونەرمەند جوان حەسەن لە تەمەنی 45 ساڵیدا، كۆچی دوایی كرد.

بەپێی ڕاپۆرتە پزیشكییەكان، ڕێژەی سووتانی جەستەی ئەم هونەرمەندە، گەیشتبووە 95%، هەر بۆیە لە یەكەم ڕۆژی سووتانەكەیەوە، لە بەشی چاودێریی چڕ خەوێنرابوو.

جوان حەسەن، لە ساڵی 1980 لە شاری (عەفرین) لەدایك بووە، لە ساڵی 2018دا دوای داگیركردنی عەفرین لەلایەن گرووپە چەكدارەكانی توركیا، شارەكەی جێ هێشت و لە ناوچەی (شێهبا)ی باكووری حەلەب دەژیا، پاشان لەگەڵ هاوسەر و دوو كچ و كوڕەكەی، چوونە شاری (عاموودا)ی ڕۆژئاوای كوردستان و لەوێ ژیانیان بەسەر دەبرد.

ئەم هونەرمەندە، خاوەنی چەندین گۆرانیی تۆماركراوی خۆیەتی، هەروەها چەند گۆرانییەكیشی بۆ هونەرمەندانی دیكە نووسیوە، گۆرانییەكانی خۆیشی لەلایەن هونەرمەندانی دیكەوە گوتراونەتەوە، لە چەند دەزگایەكی ڕاگەیاندنیش وەك پێشكەشكار كاری كردووە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×