دزەیی: هیوادارین بەغداد تێبگات کە گرێبەستەکانی هەرێم لەبەرژەوەندی عێراقن
  2025-05-22       222       

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هیوادارین بەغداد تێبگات کە ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ دوو کۆمپانیا ئەمریکییەکە واژۆیان کردوون، لە بەرژەوەندی هەموو عێراقن.

ئاوێنە: سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، لەبارەی سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران بۆ واشنتۆن، واژۆکردنی گرێبەستی نەوت و غاز لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی ڕایگەیاند، هیوادارین بەغداد لەم ڕاستییە تێبگات، ئەو گرێبەستانەی کراون لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقن.

وتیشی: “چاوەڕوانین لە زووترین کاتدا غازی سروشتی زیاتر بەرهەم بهێنرێت، جیا لەمەی سەرماگوزاریی بیانی لە عێراق و بە تایبەت لە هەرێمی کوردستان، دەستکەوتێکی گرنگە و یەکێکە لە بەرنامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەمان شێوە لە حکومەتی عێراقیش.”

سەفین دزەیی، ڕاشیگەیاند، “ئەو دوو کۆمپانیایە ماوەی 15 ساڵە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، ئەرکی داهاتوویان پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی غازی سروشتی بە پلەی یەک و دواتر نەوتە، چونکە هەرێمی کوردستان و عێراقیش پێویستیان بە غازی سروشتییە، بە تایبەت بۆ بەرهەمەمهێنانی کارەبا و چەند بوارێکی دیکەی خزمەتگوزاری.”

سەفین دزەیی، جەختی لەوە کردەوە، ئامانج لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ،  “پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت سووریایە”.

وتیشی: “دەمانەوێت بزانین هەماهەنگی داهاتوو بە چ شێوەیەک دەبێت، بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و پەرەپێدانی ئابووری و فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی.”

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×