ئامانج رەحیم: بەپێی دەستور حکومەتی هەرێم مافی خۆیەتی پەرە بە سەرچاوەکانی وزەی خۆی بدات
  2025-05-22       234       

ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، گرێبەستەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا نەوتییەكان "یاسایین"و دەشڵێت، بەگوێرەی دەستور، حکومەتی هەرێم مافی خۆیەتی پەرە بە سەرچاوەکانی وزەی خۆی بدات.

ئاوێنە: ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریی لە پانێڵێک لە چوارچێوەی کۆنفرانسی وزە لە واشنتۆن رایگەیاند، "هەموا دەزانن دەستوری عێراق لە ساڵی 2005، لەسەر بنەمای فیدراڵیزیم دامەزراوە، هەر ئەمەش رێگە بە هەرێمی کوردستان داوە سەرچاوەکانی وزەی خۆی پەرە پێبدات".

ئاماژەی بەوەکرد، "بەداخەوە تائێستا دەستور وەک خۆی جێبەجی ناکرێت، هێشتا چەندین یاسای سەردەمی رژێمی بەعس لە عێراق جێبەجێ دەکرێن، هەروەها بە گوێرەی دەستور، حکومەتی هەرێم مافی خۆیەتی پەرە بە سەرچاوەکانی وزەی هەرێمەکە بدات".

ئامانج رەحیم وتیشی، "هەر لەسەر بنەمای دەستوری عێراق حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2007 لە هەرێمی کوردستان یاسای نەوت و غازی دەرکرد، هەروەها کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکانی ئەمەریکا بەشدارن لە پەرەپێدانی کەرتی نەوت و غاز لە هەرێمەکە".

وتیشی، "لە مانگی 2ی ساڵی 2014، عێراق موچە و بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی، ئەمەش بوە شۆکێکی گەورەی دارایی و ئابوری لە هەرێمی کوردستان، بۆەی هەرێم ناچار بو کە نەوتی خۆی لە رێگەی بۆری نەوتی عێراق – تورکیا هەناردە بکات".

ئەوەشی وت، "لە ساڵی 2023 بەهۆی سکاڵای حکومەتی عێراق، دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس بە بڕیارێک هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی راگرت، بەم هۆیەش عێراق ناچار کرا ملیارێک و 800 ملیۆن دۆلار وەک قەرەبو بداتە حکومەتی تورکیا، هەروەها بەهۆی راگرتنی هەناردەکەوە تائێستا عێراق 25 ملیار دۆلار زیانی کرد".

لەبارەی یاسای نەوت و غازیشەوە ئامانج رەحیم وتی"لە ساڵی 2005ـەوە تا ئیستا یاسای نەوت و غاز لە عێراق نییە، لە وڵاتەکە چوارچێوەی وەزارەتی دارایی ئەم یاساییە مامەڵەی پێوە دەکرێت، لە کاتێکدا دەبێت بە گوێرەی یاسای رێکبخرێت".

لەبارەی گرێبستەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان، ئامانج رەحیم جەختی لەوەکردەوە، "ئەو گرێبەستانە یاسایین و لەلایەن دادگای کەرخەوە دانیان پێدا نراون".

راشیگەیاند، "تائێستا حکومەتی عێراق لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان نەگەیشتونەتە رێککەوتن، بۆیە تا ئێستا هەرێمی كوردستان نەوتەکە بە نرخێکی هەرانتر لە ناوخۆ ساغ دەکاتەوە."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×