مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەجیا لەگەڵ هەریەكە لە وەزیری ئاسایشی ئەمریكاو بریكاری وەزیری گەنجینەی ئەو وڵاتە كۆبوەوەو پرسە پەیوەندیدارەكانی لەگەڵیان تاوتوێ كرد.
ئاوێنە: حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ هەینی لە راگەیەندراوێكدا وتی، رۆژی پێنجشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن لەگەڵ کریستی نۆوم، وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا کۆبوەوە.
مەسرور بارزانی لە پەیامێكدا لەبارەی كۆبونەوەكە لە تۆڕی ئێسك وتویەتی، لە كۆبونەوەكەدا جەختیان لە پەرەپێدانی هاریکاریی و هاوئاهەنگیی لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا كردۆتەوە بە تایبەتی لە بواری ئەمنی و ڕاهێنان و ڕوبەڕوبونەوەی تاوانی ڕێکخراودا.
سەرۆكی حكومەتی هەرێم وتوشیەتی، "هەرێمی كوردستان و ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا وەك دو هاوبەشی بەهێز لەم بوارەدا دەمێننەوە."
بەپێی راگەیەندراوێكی دیكەی حكومەتی هەرێم كە ئەمڕۆ بڵاوكراوەتەوە، رۆژی پێنجشەممە، مەسرور بارزانی لە واشنتن لەگەڵ برادلی سمیس، بریکاری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا کۆبوەتەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری دارایی و سیستەمی بانکی کرا.
حكومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەداوە "بریکاری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، سەرسامی خۆی بە پێشکەوتنەکانی پڕۆژەی (هەژماری من ) نیشانداو هەمو پشتیوانییەکی وەزارەتەکەی بۆ پڕۆژەکە و چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و وتی، پێزانینێکی زۆرمان بۆ هەوڵ و چاکسازییەکانی سەرۆکی حکومەت لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا بە تایبەتی لە بواری داراییدا هەیە و ئەو چاکسازییانە دەکرێ ببنە نمونە بۆ وڵاتانی تریش."
مەسرور بارزانی ئەمڕۆ هەینی لە پەیامێكدا لە تۆڕی ئێكس نوسیویەتی"چاکسازییەکانی کوردستان لە بواری وزە و بانک و هەمەچەشنکردنی ئابوری، تەنیا لە سودی ئێمەدا نیین، بەڵکو سەقامگیری و بوژانەوە بۆ تەواوی عێراق و ناوچەکەش بەدی دێنن."
جەختیشی كردۆتەوە كە "ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا هاوبەشێکی سەرەکیمانە لەم ئەرکەدا."