عەبدولستار مەجید: كۆمه‌ڵ بۆ پێكهێنانی هاوپه‌یمانی كێشە و گرفتی نەبو
  2025-05-25       220       

عەبدولستار مەجید، ئەندامى ئەنجومەنى باڵاى کۆمەڵى دادگەریی له‌باره‌ی پێكهێنانی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی، ڕایگه‌یاند، ئەوەی كێشە و گرفتی نەبوە، ئه‌وان بون، ده‌شڵێت، "زۆریش بە خەم دروستبونی ئەو هاوپەیمانێتیەوە بوین، بەڵام بەداخەوە گەیشتە ئەم قۆناغەی كە هەموان دەیزانن".

ئاوێنە: عەبدولستار مەجید له‌ نوسینێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی بڵاویكرده‌وه‌، "لەبارەی شكستهێنان و شکستپێهێنانی هەوڵی پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەك لەنێوان هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن هەندێك قسە و باسی لەبارەوەكرا، كە من دەمەوێت لێرەوە هەندێ لە ڕاستییەكان بخەمەڕو و هەندێکیشی (ئەگەر پێویستی کرد) بۆ ڕۆژانی داهاتو، ئێمە هەر لە سەرەتاوە مەبدەئییەن لەگەڵ دروستبونی ئەو تەحالوفە سیاسییەدا بوین و لەگەڵ یەكگرتوی ئیسلامیی لیژنەشمان بۆ پێكهێنا كە هەوڵبدەین لەگەڵ هێزەكانی دیكەی دەرەوەی پارتی و یەكێتی كە پێكەوە ئەو هاوپەیمانێتییە دروست بكەین و بۆ ئەم مەبەستە سەردانی یەکە بەیەکەی لایەنەکانمان کرد".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "ئەگەر سەرنج و قسەشمان لەسەر هەندێك كەس و لایەنـیش هەبوبێ، بەڵام بەجدی لەگەڵ هەمو بژاردەكان بوین بۆ پێكهێنانی ئەم بەرەیە، بژاردەكانیش ئەمانە بون، هەمو هێزە ناڕازیی و ئۆپۆزسیۆنەكان پێكەوەبین، ئەگەر ئەوە نەكرا، زۆرینەمان پێكەوە بین و پێكەوە لەگەڵ ئیسلامییەكان یەك لیست پێكبهێنین ".

عەبدولستار مەجید ده‌ڵێت، "وایلێهات لە كۆتاییدا تەنها ئێمە و ڕەوتی هەڵوێست ماینەوە، ئەوەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کێ هەتا کۆتایی مایەوە، دیاربو ئەوانیش بە كۆمەڵێك پاساوی خۆیان، كشانەوە و پرسی پێكهێنانی بەرەی هاوبەش و هاوپەیمانێتی، شكستیهێنا".

ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، "ئەوەی كێشە و گرفتی نەبوە، ئێمە بوین، زۆریش بە خەم دروستبونی ئەو هاوپەیمانێتیەوە بوین، بەڵام بەداخەوە گەیشتە ئەم قۆناغەی كە هەموان دەیزانن، لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت هەموان لیستی سەربەخۆی خۆیان هەبێ، بەڵام لە چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوکاری لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن کە ئەگەر ئەمە بکرێت جۆرێکە لە بەرەی هاوبەش  و کاری بەیەکەوە بون".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×