ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگهیاند، پیاوێک لە كرماشان بە بەكارهێنانی چەك هەوڵی كوشتنی هاوژینەكەی و دو ژنخوشكەكەی داوە و دواتر هەر بەو چەكە خۆی كوشتوە، هۆكاری كێشهكهش "خێزانی" بوە.
ئاوێنە: ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكردهوه، پیاوێكی تەمەن 29 ساڵ بە ناوی ئەشكان هیمەتی لە شەهرەكی كەراچیی كرماشان بە كەڵكوەرگرتن لە چەك، هاوژین و ژنخوشكەكەی بە ناوەكانی سەمیرا فەرهادی تەمەن 25 ساڵ و سومەیە فەرهادی كوشتوە.
ئاماژهی بهوهشكردوه، هاوژینەكەی دهستبهجێ گیانی لە دەستداوە و دو ژنخوشكەكەی بە ناوەكانی سومەیە فەرهادی و زارا فەرهادی كە بە سهختی برینداربون بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتهوە، سومەیە فەرهادی تەمەن 17 ساڵ دو ڕۆژ دوای ڕودانی ڕوداوەكە گیانی لهدهستداوه.
هەروەها خوشكی سێهەمی بنەماڵە بە ناوی زارا فەرهادی كە چاوی بە قوڵی بریندار ببو و زیانی بەركەوتوە، نەشتەرگەریی بۆ كراوە و چاویان دەر هێناوە، بارودۆخی جەستەیی ناوبراو دژوار ڕاگەیهندراوە و تا ئێستا لە ژێر چاوەدێری تایبەتی پزیشكی دایە.
بەوتەی یەكێک لە نزیكانی ئەو بنەماڵەیە، "بكوژ دوای هاتنە ژورەوە بۆ ماڵی خەزوری سەرەتا تەقەی لە ژنخوشكەكەی، سومەیە فەرهادی، كردوە سومەیە بە ناوبراوی وتبو "لهبهر منداڵهكهت (سەمیرا) مەمكوژە"، بەڵام تەقەی لێكردوەو دواتر تەقەی لە ژنخوشكەكەی دیكەی كردوە".
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕونیكردهوه، "بكوژ كە خاوەن بڕوانامەی یاسا بوە، دوای ئەنجامدانی ئەو تاوانه، بە تەقەكردن لە ژێر ملی خۆی هەوڵی خۆكوژی داوه و سەرەڕای ئەوەیكە بۆ نەخۆشخانە گواستراوهتهوه، گیانی لە دەستداوه".
ئهوهشی خستوهتهڕو، "بكوژ و هاوژینەكەی دو منداڵی سێ و پێنج ساڵەیان هەبوە، ماوەی نۆ مانگ ناكۆكیان ههبوه و هەر بەو هۆیەوە هاوژینەكەی گەڕابوەوە ماڵی دایك و باوكی".