محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق تاوتوێی ئامادەكارییەكانی خشتەی بودجە دەكەن و عەتوانی داوا دەكات پەلە بكرێت لەناردنی خشتەی بودجە بۆ پەرلەمان بەمەبەستی پەسەندكردنی لەپێناو دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەو سەرەموچەی فەرمانبەران.
ئاوێنە: محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە، لەگەڵ عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، كۆبوەوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە كۆبونەوەكەدا دوایین زانیارییەكان لەبارەی ئامادەكردنی خشتەی بودجەی 2025 خرانەڕو لەگەڵ میكانیزم و پلانەكانی گەرەنتیكردنی خەرجكردنی موچەو خەرجییەكان.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە كۆبونەوەكەدا سودانی جەختی لە پەرۆشی حكومەت كردەوە كە بودجە ئەولەویەتەكان لە جێبەجێكردنی خشتەكانیدا لەخۆبگرێت لەپێناو تەواوكردنی بڕگەكانی بەرنامەی حكومەت بەتایبەت لەپەیوەست بە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و تەواوکردنی پرۆژەکان.
لەلایەكی دیكەوە بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمان، لە كۆبونەوەكەدا دوایین پێشهاتەكانی دۆخی دارایی وڵات تاوتوێ كراوەو گفتوگۆش لەبارەی ئامادەكارییەكانی خشتەی بودجەی 2025 كراوە لەگەڵ گەرەنتیكردنی بەردەوامی خەرجكردنی موچەو تەمویلكردنی پڕۆژەكان و هاندانی كەرتەكانی بەرهەمهێنان لەپێناو بەرزكردنەوەی داهاتی نانەوتی.
هەورەها ئاماژە بەوەدراوە كە لە كۆبونەوەكەدا عەتوانی جەختی لە پەلەكردن لە ناردنی خشتەی بودجەی 2025 بۆ پەرلەمان كردۆتەوە بۆ پەسەندكردنی لەپێناو ئەوەی كە سیفەتێكی یاسایی بدرێتە خەرجییەكانی حكومەت و هەروەها وەزارەتی داراییش بتوانێت ئەو پرسانە چارەسەربكات كە بە جێبەجێكردنی یاسای بودجە دەبن، لەوانە دامەزراندنی نوێ بەشێوەی گرێبەست و بە هەمیشەیی كردنی ئەو فەرمانبەرانەی كە شایستەن و وێڕای مافەكانی فەرمانبەران لە دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەو سەرەموچە و گواستنەوە و مافەكانی دیكەیان.