تەندروستی هەرێم بەڕەسمی تۆماركردنی سێ حاڵەتی توشبون بە ئایدزی لە هەولێر پشتڕاستكردەوە
  2025-05-26       271       

‎وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان بەڕەسمی تۆماركردنی سێ حاڵەتی توشبون بە نەخۆشی ئایدزی لە هەولێر پشتڕاستكردەوەو دەڵێت، لە ئارایشتگای ئافرەتان كاریان دەكردو هەر سێكیان بیانی بون.

ئاوێنە: وەزارەتی تەندروستی هەرێم، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، دوای پشکنینی تاقیگەیی ڕۆژانە بۆ کارمەندانی شوێنە گشتییەکان و دەرهێنان و نوێکردنەوەی مۆڵەتی تەندروستی، لەلایەن تاقیگەی تەندروستی گشتی، سێ حاڵەتی هەڵگری ڤایرۆسی HIV بۆ توشبون بە نەخۆشی ئایدز لەلایەن تیمەکانی تەندروستی دەستنیشانکرا کە لە ساڵۆنەکانی ئافرەتان کاریان دەکرد و هەمویان بیانی بون و لایەنی پەیوەندیداری لێ ئاگادارکرایەوە و ڕێککاری پێویست وەرگیرا.

راگەیەندراوەكەی وەزارەتی تەندروستی دوای ئەوە دێت كە دوێنێ لیژنەی چاودێری تەندروستی و خۆراك ئاشكرایكرد، سێ حاڵەتی توشبون بە نەخۆشی ئایدز تۆماركراون كە لە ئارایشتگاكانی سەر رێگەی بەحركەی نوێ لە هەولێر كاریان دەكرد و هاوكات شەش ئارایشتگاش لەو ناوچەیە داخراون لەبەر نەبونی مۆڵەت و پابەندنەبون بە رێنماییەكان.

وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە راگەیەندراوەكەیدا داوای لە هاوڵاتیان كردوە، خۆیان دوربگرن لە شوێنی نافەرمی و سەردانی شوێنی فەرمی بکەن و لە شوێنە گشتییەکان پرسیاری مۆڵەتی تەندروستی بکەن و لە هەر گومانێک لە نەبونی مۆڵەت یان دیاردەیەکی ناتەندروست، وەك ئەرکێکی نیشتمانی و مرۆیی لەڕێگەی هێڵە گەرمەکانی پەیوەندی یان سندوقی سکاڵاوە، تیمەکانی تەندروستی ئاگاداربکەنەوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×