بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ كونسوڵی بەریتانیا رایگەیاند، هیوادارین وەفدی دانوستانکاری یەکێتی و پارتی لە گفتوگۆکانیان بۆ دابەشکردنی پۆستەکان بگەنە ئەنجام.
ئاوێنە: نوسینگەی سەرۆكی یەكێتی، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، بافڵ تاڵەبانی، لە سلێمانی پێشوازی لە ئەندرۆ بیزلی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە دیدارێکدا پرسەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان و عیراق گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و جەخت لە بەردەوامی پەیوەندی و لێکتێگەیشتنی نێوان لایەنەکان بۆ زاڵبون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا کرایەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە کۆبونەوەکەدا باس لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا و بافڵ تاڵەبانی وتی، دیدگای هاوبەشیی حکومڕانی داڕێژراوەتەوە کە دەبێتە بەرنامەی کاری کابینەی داهاتو و هیوادارین وەفدی دانوستانکاری یەکێتی و پارتی لە گفتوگۆکانیان بۆ دابەشکردنی پۆستەکان بگەنە ئەنجام.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە بو و هەردولا جەختیان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کردەوە.