کۆبوونەوەکەی شاندی دەم پارتی و مەهەپە کۆتایی هات
  2025-05-27       253       

کۆبوونەوەی نێوان شاندی دەم پارتی و مەهەپە لە ئۆفیسی فراکسیۆنی مەهەپە لە پەرلەمانی تورکیا دوای ٤٠ خولەک کۆتایی هات.

ئاوێنە: شاندی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە کۆبوونەوە.

شاندەکەی دەم پارتی لە کۆبوونەوەکەدا بریتیبوون لە تولای حاتیمۆغولاری و تونجەر باقرخان، هاوسەرۆکانی گشتیی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و گوڵستان کلیچ کۆچگیت و سزای تەمەلی، هاوسەرۆکانی فراکسیۆنی دەم پارتی و لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە و شاندی یاوەری فاتیح یڵدز و جەلال ئادان کۆبوونەتەوە.

کۆبوونەوەکە ٤٠ خولەکی خایاند، بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە نووسینەکەی ڕاگەیاندنی دەم پارتییەوە بڵاوکراوەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بە بەرفراوانی ڕووداوەکانی تورکیا و هەرێمەکە هەڵسەنگێندراون، ئاماژەش بەوەکراوە کۆبوونەوەکە زۆر ئەرێنی بووە.

ڕاگەیاندرا لە کۆبوونەوەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ ڕووداوەکانی دوای بانگەوازی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ، پرۆسەی دیموکراتیزەکردنی تورکیا، کۆتا دیداری ئیمرالی و بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە کراوە.

ڕۆژەڤی کۆبوونەوەکە بریتی بووە لەو هەنگاوانەی، کە پێویستن بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، ڕۆڵی پەرلەمان، پاکێجی نوێی دادوەری، ئەو کۆمسیۆنەی، کە چاوەڕوان دەکرێت لە پەرلەمانەوە پێکبهێندرێت و دەستووری بنەڕەتی تورکیا.

دەربارەی کۆبوونەوەکە نووسینگەی ڕاگەیاندنی دەم پارتی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەداوە، دەستنیشان کراوە پێکهێنانی کۆمسیۆنێک، کە ئەرکێکی بنەڕەتییە لەژێر چەتری پەرلەمان و بەشداربوونی پارتە سیاسییەکان بەشێوەیەکی چالاک لەم پرۆسەیە زۆر گرنگە، لەم چوارچێوەیەدا شاندەکەمان سبەینێ لە پەرلەمان لەگەڵ شاندی ئاکەپە کۆدەبێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×