وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: پاڵپشتی گرێبەستی كۆمپانیا ئەمریكیەكان دەکەین لەگەڵ هەرێمی کوردستان
  2025-05-28       302       

تامی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، جەختدەكات لەوەی، ویلایەتە یەكگرتووەكان پاڵپشتی ئەو گرێبەستانە دەکات کە کۆمپانیاکانی وزەی ئەمریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان واژۆیان كردووە. 

ئاوێنە: بروس، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی: ئەمریکا پشتگیری لەو رێککەوتنە ئابورییانە دەکات کە سوود بە هەموو عێراقییەکان دەگەیەنن، لەنێویاندا ئەو دوو گرێبەستەی هەفتەی رابردوو راگەیەندرا.

راشیگەیاند: هانی بەغداد و هەولێر دەدەین پێکەوە کاربکەن بۆ فراوانکردنی بەرهەمهێنانی غازی ناوخۆ لە زووترین کاتداو، ئەم جۆرە هاوبەشییە ئابورییە سودی بۆ هەردوو گەلی ئەمریکا و عێراق دەبێت و، یارمەتی عێراق دەدات بەرەو سەربەخۆیی وزە بەرەو پێشەوە بچێت.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوەشكرد: کۆمپانیاکانی نەوتی ئەمریکی بە ملیارەها دۆلار وەبەرهێنانیان لە کەرتی نەوت لە هەرێمی کوردستان کردووە، هیوادارین وەبەرهێنانی زیاترى کۆمپانیا نەوتییەكانى ئەمریکا لە سەرتاسەری عێراق ببینین.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×