بە بەشداریی ژنانی پەرلەمانتار لە باشوور، باکوور و ئەورووپاوە لە ئامەد یەکەمین کۆنفرانسی ژنانی پەرلەمانتاری کورد، کە ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، دەستی پێکرد.
ئاوێنە: لە ناوەندی کۆنگرەی کلتووری ئامەد، بە دەستپێشخەریی تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) یەکەمین کۆنفرانسی ژنانی پارلەمانتاری کورد، بە درووشمی “سیاسەت دیموکراتیک دەکەین، کۆمەڵگەی دیموکراتیک بوونیاد دەنێین” دەستی پێکرد.
لە کۆنفرانسەکە بە زمانەکانی کوردی، تورکی، عەرەبی، پۆستەرەکانی “ژن سیاسەتی دیموکراتیک بەڕێوەدەبات، کۆمەڵگەی دیموکراتیک بوونیاد دەنێت”، “ژن، ژیان، ئازادی” و “ئەگەر ژن ئازاد بێت، کۆمەڵگەش ئازاد دەبێت” هەڵواسراون.
لە باشووری کوردستانەوە، ژمارەیەک ژنانی پەرلەمانتار لە فراکسیۆنەکانی (یەکێتی، گۆڕان، پارتی، یەکگرتوو، کۆمەڵ) لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەشدارییان کردووە، هەروەها لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ڕێگریی لە ژمارەیەک ژنە پەرلەمانتاری دیکە کراوە بەشداریی بکەن.
کۆنفرانسەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستی پێکرد و پاشان گوڵجان کاچماز سایگیت، هاوسەرۆکی دەستپێشخەری یەکێتیی دیموکراتیک لە کۆنفرانسەکەدا قسەی کرد.