سودانى: عێراقی نوێ قبوڵناکات پاشکۆی هیچ لایەنێک بێت‌
  2025-05-28       233       

سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "عێراقی نوێ قبوڵناکات پاشکۆی هیچ لایەنێک بێت‌و سوریایەکی یەکگرتوو و سەقامگیریان دەوێت".
 
ئاوێنە: محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئەهرامی میسری ڕایگەیاند، "پێمان باشتر بوو ببینە پردێک بۆ گفتوگۆ نەک گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان".

سودانى ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، "ئەوەمان لەیادە کە ئێران لەشەڕی دژی داعش لەساڵی 2014 لەگەڵمان وەستا، ئەوەی عێراقییەکان جیادەکاتەوە شانازییانە بەوڵاتەکەیان‌و شکۆو کەرامەتیانە، کە ڕێگەیان پێنادات دیل یان پاشکۆی هیچ کەسێک بن، بەگشتیی عێراقی نوێ قبوڵناکات پاشکۆی هیچ لایەنێک بێت".
 
سەبارەت بەسوریاش وتى:"جگە لەجێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان‌و پاراستنی سوریایەکی یەکگرتوو و سەقامگیرو ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر، هیچ شتێکی دیکەمان لەسوریا ناوێت، ئەو کەلێنانەمان پڕکردوەتەوە کە دوژمنانی عێراق لێوەی دزەیان دەکرد، سەرکەوتوبوین لەبەدەستهێنانی دەستکەوت لەسەر زەوی، کە متمانەی بۆ هاوڵاتی گەڕاندەوە".

به‌وته‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، "هەوڵەکان بەردەوامن بۆ بەدیهێنانی بوژانەوەیەک‌و هاوڵاتی هەست بەمتمانە دەکات، کاری حکومەت سەرنجی گەنجان‌و نەوە نوێیەکانی بۆ گرنگیی بەشداریکردن لەهەڵبژاردنەکاندا ڕاکێشاوە".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×