تۆڕی هاوپەیمانی19، ھۆشداری دەدات لە ئاستەنگەكانی بەردەم وەرگرتنی زانیاری لە هەندێك لە فەرمانگەكانی حكومەت لە پارێزگای هەڵەبجە و داوا دەكات بەربەستەكانی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری لاببرێت، دڵنیابن لەوەی شاردنەوەی زانیاری رێگەپێدراو بە پێی یاسا، رێگە خۆشدەكات بۆ تەشەنەكردنی گەندەڵی و چەواشەكاری و بڵاوبوونەوەی هەواڵی ناڕاست.
ئاوێنە: رێكخراوی هەڵوێست، رێكخراوێكی ناحكومییە، لە شاری هەڵەبجە دامەزراوە، ساڵی 2011 مۆڵەتی رەسمی وەرگرتووە، یەكێك لە پرۆژەكانیان بەدواداچوونە بۆ كارو چالاكییەكانی حكومەتی خۆجێی هەڵەبجە، چاودێری ئاستی خزمەتگوزاری فەرمانگەكان و پرۆژەكانیان دەكات لەو پارێزگایە.
بۆ ماوەی هەشت ساڵە پرۆژەیەك بە ناوی (بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی كارو پرۆژەكانی دیوانی پارێزگای هەڵەبجە و بەرێوەبەرایەتییە گشتییەكانی پەروەردە و تەندروستی و سەرۆكایەتی شارەوانی) بە پاڵپشتی رێكخراوی نیشتمانی بۆ دیموكراسی(NED) كە رێكخراوێكی ئەمریكییە، جێبەجێدەكات.
ماوەیەكە ئاستەنگ بۆ پرۆژەیەكی ئەم رێكخراوە دروستبووە، كە پێنەدانی زانیارییە لە هەندێ دامەزراوەی فەرمی.
بەڕێوەبەری رێكخراوی هەڵوێست بۆ تۆڕی هاوپەیمانی19 باسلەوەدەكات كە لە جێبەجێكردنی پرۆژەكەیان بۆ چاودێری فەرمانگەكان كێشەیان لەگەڵ سەرۆكایەتی شارەوانی، بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە، بەرێوەبەرایەتی گشتی كارەبادا نییە و هاوكارن لەگەڵیاندا.
رێباز كەمال ووتی "بەڵام دیوانی پارێزگا و بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی وەڵامی نوسراوەكانیان نادەنەوە "جەخیتكردەوە" هەشت نوسراومان بۆ بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی و نوسراوێكمان بۆ پارێزگای هەڵەبجە ناردووە تا ئێستا وەڵامیان نییە"
بەپێی لێدوانی بەرێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە بۆ تۆڕی هاوپەیمانی19 كێشە لە خودی یاساكەدایە، ئەو دەڵێت: یاساكە "یاسای بەدەستهێنانی مافی زانیاری لەهەرێمی كوردستان ژمارە (11) ی ساڵی 2013" لەمادەی 21دا هاتووە: ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێم لەسەریانە رێنمایی پێویست دەربكەن بۆ جێبەجێكردنی ئەم یاسایە.
ووتی"چونكە یاسادانەر زانیویانە بەبێ ئەو ڕێنماییە موستەحیلە بڕگەكانی ئەم یاسایە جێبەجێ بكرێن كەپڕن لە شەرت و مەرجی ورد و هەستیار سەبارەت بەو بەڵگەنامانەی نهێنین و دامودەزگاكان ناتوانن بیدەن بەو كەسانەی داوای دەكەن وە كۆمەڵێك پێداویستی هەن لەدامودەزگاكان بۆ جێبەجێكردنی یاساكە تائێستا دابین نەكراون".
ووتیشی"خودی سەرۆكی پەرلەمان كەلایەنی دەركەری یاساكەن تائێستا ڤیدیۆی لێدوانەكەی ماوە بەئاشكراو لەناو پەرلەماندا وتی: تا حكومەت ڕێنمایی جێبەجێكردنی یاساكە دەرنەكات ئێمە خۆمان جێبەجێی ناكەین".
هەروەها زانا عومەر، بەرێوەبەری راگەیاندن لە پارێزگای هەڵەبجە، بەتۆڕی هاوپەیمانی 19ی راگەیاند ئەوان وەك پارێزگا نوسراوێكیان بۆ وەزارەتی ناوخۆ ناردووە داوایان لێكردوون رێنوێنییان بكەن لە چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو زانیارییانەی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بەگشتی داوای دەكەن.
زانا ووتی" ئێمە زۆرینەی چالاكی و تەندەر و كاروباری رەسمی بڵاودەكەینەوە بەڵام بۆ هەندێ زانیاری دەبێت بە پێی یاسا بێت و بۆ ئەمەیان رێنماییمان بۆ نەهاتووە بۆیە داوامان لە وەزارەتی ناوخۆ كردووە".
تۆڕی هاوپەیمانی 19 رایدەگەیەنێت، دەرنەكردنی رێنمایی پاساو نییە بۆ پەكخستنی یاسای مافی زانیاری، دەیان یاسای پەرلەمانی كوردستان بەبێ دەركردنی رێنمایی جێبەجێدەكرێن.
پێویستە بەڵگەنامە و ئامارە فەرمییەكانی حكومەتی هەرێم بخرێنە خزمەتی هاوڵاتیان، میدیاكان، رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و پسپۆران، تاوەكو ببنە هاوبەش لە پرۆسەی رووبەڕوبوونەوەی گەندەڵی.
زانین مەرجێكی گرنگە بۆ حكومداری باش، پەیوەندی نێوان مافی زانین و دیموكراسیەت لە یەكدی جیاناكرێنەوە، گەیشتن و پێدانی زانیاری و بڵاوكردنەوەی بە شێوەیەكی ئازاد، سیستەمی دیموكراسی بەهێز دەكات، هەروەك بە پێچەوانەشەوە نەبوونی زانیاری رێگە خۆشدەكات بۆ گەندەڵی و چەواشەكاری و بڵاوبوونەوەی هەواڵی ناڕاست.