ناوەڕۆكی كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم
  2025-05-28       233       

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیدا پێشوازیی لە هەڵوێستی ئەمەریکا دەكات و پێزانینی هەیە بۆ پشتیوانییەکەی لە قەوارەی دەستوریی هەرێم و زامنکردنی پیادەکردنی دەسەڵات و تایبەتمەندییەکانی هەرێم لە چوارچێوەی دەستور و جەختیش دەكاتەوە كە هەرێم بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆ و دانوستانە بەردەوامەکانی لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە چوارچێوەی دەستور.

ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی ئایاری 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوەو حكومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەی خستۆتەڕو كە بڕگەی سەرەكی و كارنامەی كۆبونەوەكە لەبارەی ئەنجامی سەردانی فەرمی شاندی باڵای حکومەتی هەرێم بوە بۆ واشنتنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکاو واژۆکردنی دو ڕێککەوتننامە لە بواری وزە لەگەڵ هەردو کۆمپانیای ئەمەریکی (HKN)و (WesternZagros).

لە كۆبونەوەكەدا مەسرور بارزانی واژۆكردنی رێككەوتنامەكانی بواری وزەی بە گرنگ ناوبردن و پاشان پوختەی دیدارو کۆبونەوەکانی شاندەکەی لە واشنتن لە گەڵ کۆنگرێس و ئیدارەی نوێی ئەمەریکا خستەڕو.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە دوای گفتوگۆ و تاوتوێکردنی ئەنجامەکانی سەردانەکە، ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیی لە هەڵوێستی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا کردو ڕێزو پێزانینی هەیە بۆ پشتیوانییەکەی لە قەوارەی دەستوریی هەرێم و زامنکردنی پیادەکردنی دەسەڵات و تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستور.

ئەنجومەنی وەزیران جەختیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆ و دانوستانە بەردەوامەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە چوارچێوەی دەستور، بەتایبەتیش بابەتی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆ، کە ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە زیادکردنی داهاتی بودجەی گشتی فیدڕاڵیی و برەودان بە وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گاز بە گوێرەی دەستورو خستنەوەگەڕی داهاتەکەی بۆ خێر و بەرژەوەندی هەموان، کە بەداخەوە بەهۆی ڕاگرتنی پرۆسەکە لە مانگی ئاداری ساڵی 2023 ەوە زیانی چەندین ملیار دۆلار بەر خەزێنەی گشتی کەوتوە.

دەقی راگەیەندراوەكە:

ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی ئایاری 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.

بڕگەی سەرەکی و کارنامەی کۆبونەوەکە، تایبەت بو بە خستنەڕوی ئەنجامی سەردانی فەرمی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران بۆ واشنتنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا لە حەفتەی ڕابردوداو واژۆکردنی دو ڕێککەوتننامە لە بواری وزە لەگەڵ هەردو کۆمپانیای ئەمەریکی (HKN)و (WesternZagros).

لە سەرەتای کۆبونەوەکە، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە گرنگیی سەردانەکە کرد و ڕونیکردەوە کە ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا، بەبایەخەوە لە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی سەرەکی دەڕوانێت، سەرۆک وەزیران هەروەها پشتیوانی واشنتنی بۆ قەوارەی دەستوریی هەرێمی کوردستان و ماف و دەسەڵاتە دەستورییەکانی بە گرنگ وەسف کرد بە ئاراستەی پتەوکردنی سیستمیی فیدڕاڵیی و پارێزگاریکردن لە قەوارەی دەستوریی هەرێم.

پاشان سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە گرنگیی واژۆکردنی ڕێککەوتننامەکانی بواری وزە کرد لەگەڵ هەردو کۆمپانیای ئەمەریکی (HKN)و (WesternZagros) کە لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئەمەریکاشەوە بەگەرمی پاڵپشتی لێکراو ئەو دو ڕێککەوتننامەیە، سودیان بۆ هەرێمی کوردستان و هەمو خەڵکی عێراق دەبێت. ئینجا پوختەی دیدارو کۆبونەوەکانی شاندەکەی لە واشنتن لە گەڵ کۆنگرێس و ئیدارەی نوێی ئەمەریکا خستەڕو.

لە سەرجەم کۆبونەوەکاندا، هەردولایەن جەختیان لە بەهێزترکردنی پەیوەندی هاوبەشی نێوانیان کردەوە بە ئاراستەی پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و هەرێمێکی کوردستانی بەهێز لە چوارچێوەی سیستمی فیدڕاڵیی دانپێدانراو لە دەستوری هەمیشەیی عێراق.

سەبارەت بەکۆبونەوەی شاندەکە لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، سەرۆک وەزیران ستایشی لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی کرد تایبەت بە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان کە پابەندبونی ئەمەریکای بە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و سەقامگیر لەچوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا دوپات کردەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە وەزیری دەرەوە، ئامادەیی ئەمریکای دوپات کردەوە بۆ پشتگیریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاجیاکانداو دابینکردنی مافە دەستوریی و شایستە داراییەکانی هەرێم، کە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بو.

سەرۆک وەزیران ئاماژەی دا بە ستایشی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ میوانداریکردنی هەرێمی کوردستان لە پەنابەرو ئاوارەکان و پاراستنی مافەکانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیيە جیاوازەکان.

دواتر هەریەک لە ئەندامانی شاندەکە بەپێی تایبەتمەندیی خۆیان، وردەکاریی زیاتری کۆبونەوەو دیدارەکانیان بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕو.

لە دوای گفتوگۆ و تاوتوێکردنی ئەنجامەکانی سەردانەکە، ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیی لە هەڵوێستی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا کردو ڕێزو پێزانینی هەیە بۆ پشتیوانییەکەی لە قەوارەی دەستوریی هەرێم و زامنکردنی پیادەکردنی دەسەڵات و تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستور.

ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆ و دانوستانە بەردەوامەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە چوارچێوەی دەستور، بەتایبەتیش بابەتی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆ، کە ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە زیادکردنی داهاتی بودجەی گشتی فیدڕاڵیی و برەودان بە وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گاز بە گوێرەی دەستورو خستنەوەگەڕی داهاتەکەی بۆ خێر و بەرژەوەندی هەموان، کە بەداخەوە بەهۆی ڕاگرتنی پرۆسەکە لە مانگی ئاداری ساڵی 2023 ەوە زیانی چەندین ملیار دۆلار بەر خەزێنەی گشتی کەوتوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×