وەزیری تەندروستی: دو حاڵەتی هەڵگری ڤایرۆسی ئایدز (HIV) لە سلێمانی تۆماركران
  2025-05-28       258       

وەزیری تەندروستیی هەرێم، ئەمڕۆ چوارشەممە، رایگەیاند، دو حاڵەتی هەڵگری ڤایرۆسی (HIV) ئایدز لە سلێمانی تۆماركران. دەشڵێت، جیاوازی هەیە لەنێوان نەخۆشی ئایدزو هەڵگرانی ڤایرۆسی (HIV)، هەڵگرانی ڤایرۆسەكە دەكرێت لەدوای 15 تا 20 ساڵ ببنە نەخۆشی ئایدز.

ئاوێنە: د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێم، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان لەبارەی تۆماركردنی سێ حاڵەتی ئایدز لە هەولێر وتی، ئێمە وەكو وەزارەتی تەندروستی ساڵانە لە 1ی دیسەمبەر كە رۆژی جیهانی ئەیدزە هەمو داتاكان بڵاودەكەینەوە، بەڵام ئەمجارەیان راگەیاندن پێش ئێمە كەوت و ئەم داتایەیان راگەیاند، بۆیە ئێمەش رونكردنەوەمان دا. ئەم داتایە تیمەكانی تەندروستی دەستنیشانیان كردوە. ئێمە بە دەیان هەزار پشكنین دەكەین بۆ چەندین چین و توێژی جیاجیا بۆ ئەوەی بتوانین نەخۆشییە گوازراوەكان كە یەكێك لەوانەی هەڵگری ڤایرۆسی (HIV)یە.

وتۆئۆ، دەبێت جیاوازی بكەین لەنێوان نەخۆشی ئەیدز لەگەڵ هەڵگری ڤایرۆسی (HIV)، ئەوانەی كە هەڵگری ڤایرۆسی (HIV)ن بە نەخۆشی ئایدز ناژمێردرێن، ئەوان هەڵگری ڤایرۆسەكەن واتە كەمبونەوەی بەرگریی لەش كە لەوانەیە لەدوای 15 تا 20 ساڵی تر ببنە نەخۆشی ئایدز. بۆیە جیاوازی هەیە لەنێوان توشبو بە ئایدز لەگەڵ هەڵگری ڤایرۆسەكە. دەبێت راگەیاندنەكان ئەمە راست بكەنەوە.

هێمای بۆ ئەوەش كرد، دۆزینەوەی حاڵەتەكان دەسكەوتە، ئەو حاڵەتانەی لە شاری هەولێر دۆزرانەوە، رۆتینە. ئێمە چەند هەفتەیەك جارێك لە هەمو شارەكانی هەرێم، دۆزینەوەی حاڵەتی پۆزەتیڤ هەیە، ئەمڕۆ دو حاڵەتی هەڵگری ڤایرۆسی (HIV) لە شاری سلێمانی تۆماركراون، هەردوكیان هاوڵاتی نیشتمانی خۆمانن و ژن و مێردێكن. بەڵام ئێمە ئەم حاڵەتانە راناگەیەنین لەبەر تایبەتمەندی كەسی، ئەوان لەژێر چاودێری تەندروستین.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×