سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی: یاداشتێك بە سوودانی دەدەین
  2025-05-29       254       

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان رای دەگەیەنێت، وەكو فراكسیۆنە كوردستانییەكان یاداشتێكی ناڕەزایەتی بە سوودانی دەدەین و پێشێلی یاسا و رێككەوتن كراوە.

ئاوێنە: ئەمڕۆ پێنجشەممە ،بەیانى 29ـی ئایار، ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، راگەیاند، فراكسیۆنە كوردستانییەكان كۆ دەبینەوە و یاداشتێكی ناڕەزایەتیی لە دژی بڕیاری تەیف سامی بۆ نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەدەینە محەمەد شیاع سوودانی. 

زیاتر وتی، پێشێلكارییەكان زۆرن پێشتریش چەند جارێك لە لیژنەی دارایی داوامان لە وەزیری دارایی كردووە، خشتەی خەرجی ڕاستەقینە (ئینفاقی فیعلی)ـی حكوومەتی عێراق، هی هەموو مانگەكانی ئەمساڵیان ڕادەست بكات، كەچی تا ئێستە تەنیا هی مانگی كانوونی دووەمی  ناردووە.

باسی لەوەش كرد، هێشتا خشتەی خەرجی نەهاتووە، باشە چۆن لە دەرئەنجامدا بۆیان دەركەوتووە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە ئینفاقی فیعلی بودجەی بۆ خەرج كراوە؟ ئەوان لە بنەڕەتدا داتا و ئاماریان نەناردووە. 

ئاماژەی بەوەشکرد، " وەكو  فراكسیۆنە كوردستانییەكان باش دەزانین حكوومەتی هەرێمی كوردستان، حكوومەتێكی دەستووری و فیدراڵییە خاوەنی مافەكانیەتی لە نێو یاسیا بودجە و دەستووری عێراقدا. ڕێككەوتنیش لە نێوان هەردوو حكوومەتدا كراوە كە نابێت پرسی مووچە تێكەڵاوی كێشە سیاسییەكان بكرێت".

روونی كردەوە، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقیش پێشتر بڕیاری داوە كە پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە كێشە سیاسییەكان دوور بخرێتەوە و مانگانە بەبێ ئەوەی ڕێگریی لێ بكرێت، لە كاتی خۆیدا خەرج بكرێت، بۆیە لەم پرسەدا دادگای فیدراڵی لەگەڵ ئێمەیە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×