موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر سێ ڕێنمایی نوێی بڵاوکردەوە و دەشڵێت: بێدەنگیی ئێمە بۆخۆی قسەیە و بەمانای ئەوە نایەت کە ئێمە لە گەندەڵکاران ڕازین.
ئاوێنە: ئەمڕۆ موقتەدا سەدر لە ماڵپەڕی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی نوێی بڵاوکردەوە و سێ ڕێنمایی بۆ لایەنگرانی خستووەتەڕوو.
سەدر لە پەیامەکەیدا دەڵێت: لەم ڕۆژانەدا هەمووان سەرقاڵی بانگەشەی هەڵبژاردنن، کە تێیدا تەنها باسی خەڵک دەکرێت، لەگەڵ ئەوەی کە تەنیا خەڵکیش لەبیر دەکرێت.
هەروەها لە نوسینەکەیدا سێ ڕێنمایی هەیە، لە یەکەمیاندا بەکارهێنانی ناوی سەدر، بەتایبەتی هەردوو شەهیدەکەی سەدر هەروەها بەکارهێنانی ناوی خۆی بەڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەهەموولایەک قەدەغە و حەرام دەکات.
لەدووەم خاڵدا تیشک دەخاتە سەر ئەو یارمەتییەی لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا دابەش دەکرێت و دەڵێت: هەژاران و خەڵکانی کەمدەرامەت مافی خۆیانە یارمەتی لەو لایەنە گەندەڵکارانە وەربگرن، بەومەرجەی دەنگیان پێنەدەن، چونکە ئەوە پارە و موڵکی خۆیانە، چونکە گەندەڵکاران ئەگەر خۆشیان بە کەسانی چاکەخواز پیشان بدەن، هەر تاوانبارن.
لەکۆتاییدا سەدر ڕایدەگەیەنێت کە بێدەنگیی ئەوان بۆخۆی قسەیە و بەمانای ئەوە نایەت کە بێدەنگن لە گەندەڵکاران ڕازین، بۆیە باوەڕیان پێمەکەن.