ئەندامێکی سەرکردایەتی کە بەشداربووی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بوو هەڵوێستی لایەنەکان و بەتایبەت یەکێتی ئاشکرا دەکات و دەڵێت” پێمانباشە بە قەرزیش بێت مووچەی ئەم مانگە وەربگرین”.
ئاوێنە: د. مەجید محەمەد ئەمین، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بڕیاردرا بە قەرزیش بێت مووچەیەک بۆ خەڵک دابین بکرێت، و لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆدا هیچ ئەنجومەنێک پێکنەهاتووە.
ئاماژەی بەوەشداوە، سەرجەم لایەنەکانی بەشداربووی کۆبوونەوەکە هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێویستە کێشەکانمان لەگەڵ بەغداد بە گفتوگۆ چارەسەر بکەین، وبەم هەڵوێستەی ئەمڕۆوە دڵنیاین چارەسەری کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نزیکە.
ئەوەشی خستەڕوو، لەکۆبوونەوەکەدا بەراشکاوی بابەتی کشانەوەمان لە بەغدا باسکردووە، بەڵام ئێمە بۆجوونی نەرێنیمان هەبووە چونکە کشانەوە لە بەغدا چارەسەر نییە بەڵکو بەغدا ناوەندی چارەسەری گرفتەکانە، وە ئێمە لەئێستادا کارتێکی بەهێزی ئەوتۆمان پی نییە جگە لەدانوستان.
د.مەجید وتیشی، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمووشتێکی داوە بەبەغدا تەنها ئەو کۆدە ماوە کەکۆدی فەرمانبەرە بۆئەوەی کارتێکی بانکی پێدانی مووچەی بۆ دروستبکرێت و ڕاستەوخۆ بەغدا مووچەی بخاتەسەر، ئەمەش دەکرێت لەڕێگەی هەژماری من ئەنجام بدرێت، چونکە هەم پرۆسەکە وەک تەوتینە و هەم بریاری دادگای فیدڕاڵیشی لەسەرە، بۆیە دەبێت هەژماری من بکرێتە تەوتین بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە.
جەختیشیکردەوە، بریارەکەی وەزارەتی دارایی عێراق پەیوەندی بە هیچ بابەتێکی ژمێریاری و نەمانی بەشە بودجەوە نییە، بەڵکو تەواو بریارێکی سیاسییە و لەبەرامبەر مووچەخۆران جێبەجێکراوە، جونکە هیچ حکومەتێک ناتوانێت مووچەی فەرمانبەرەکانی بەبیانوی نەمانی بودجەوە ببڕێت.
ڕاشیگەیان، سەرجەم لایەنەکان بە ڕاشکاوی بۆجوونیان هەبووە، و دەتوانین بڵێین پارتی یەکەمجارە بەوشێوەیە نەرم بێت و هەنگاوی باش بۆ چارەسەری ئەم گرفتە بنیت.