ڕێکخراوی CPT: چالاکییە سەربازییەکانی سوپای تورکیا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە
  2025-06-05       193       

ڕێکخراوی CPTـی ئەمریکی لە نوێترین ڕاپۆرتدا ئاماژە بەوەدەکات لە مانگی ئایاری ٢٠٢٥دا سەرباری بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، چالاکییە سەربازییەکانی سوپای تورکیا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە و سوپای تورکیا (٥١٠) هێرش و بۆردوومانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە. 

ئاوێنە: تیمی کوردستانی عێراقی CPT له‌ راپۆرتێكدا باسی له‌وه‌كردوه‌، هێرشەکانی تورکیا لە مانگی ئایاردا بۆسەر ناوچەی ئامێدی چڕکراونەتەوە و سەرنجی سەربازی سوپای تورکیا بەتەنها لەسەر ئەو ناوچەیە بووە. بەردەوامی ئەو هێرشانە و زیادبوونیان، جێگەی نیگەرانی قوڵە لە کاتێکدا دەستپێشخەری ئاشتی لە گۆڕێدایە و پەکەکە ئاگربەستی تاکلایەنەی ڕاگەیاندووە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، سوپای تورکیا لە مانگی ئایاردا، (٥١٠) هێرش و بۆردوومانی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە، بەمەش ڕێژەی بۆردوومانەکان لەو مانگەدا، بە ڕێژەی (١٤٣٪) بە بەراورد بە مانگی نیسان زیادیکردووە و بە ڕێژەی (٣٣٢٪) بە بەراورد بە مانگی ئادار زیادیانکردووە.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتوه‌، سەرجەمی هێرشەکانی سوپای تورکیا لە مانگی ئایاردا، بۆ سەر پارێزگای دهۆک بووە و تەواوی هێرشەکان بۆ سەر قەزای ئامێدی لەو پارێزگایەدا چڕکراونەتەوە. بەشێوەیەک (٩٨٪)ی بۆردوومانەکان بۆسەر قەزای ئامێدی بوون و (٢٪)ی بۆردوومانەکان بۆ سەر قەزای زاخۆ بوون.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕو، هێرشەکانی سوپای تورکیا لە مانگی ئایاردا، (٤٥٨) هێرش لە ڕێگەی تۆپباران و (٣٦ ) هێرش لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگی و (١٦) هێرشی تر لە ڕێگەی هەلیکۆپتەرەوە بوون.

تیمی کوردستانی عێراقی CPT ئه‌وه‌شی رونكردوه‌ته‌وه‌، سەرجەمی هێرشەکانی سوپای تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٥دا، (١،٠١٤) هێرش و بۆردوومانە و زۆرترین هێرشیش کە لە ڕۆژێکدا تۆمارکرابێت، (٩٤) هێرشە کە لە ڕۆژی ١٢ی ئایار، ڕۆژی ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، تۆمارکراوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×