پەرلەمانی عێراق رەتیدەكاتەوە 100 ملیۆن دیناری پاداشتی كۆتایی خزمەت بۆ پەرلەمانتاران خەرج كرابێت و دەشڵێت، ئەو زانیارییانەی لەوبارەیەوە بڵاوكراونەتەوە درۆ و هەڵبەستراون.
ئاوێنە: فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، "گردبونەوەی نیشتمانیی خانەنشینانی عێراق" لە بەیاننامەیەكدا باسی لەوە كردوە كە 100 ملیۆن دیناری پاداشتی كۆتایی خزمەت بۆ هەر پەرلەمانتارێك خەرج كراوە، بەڵام جەخت دەكەینەوە كە ئەو بانگەشەیە بەتەواوەتی دورە لە راستییەوە.
فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق وتوشیەتی، ئەو زانیارییانەی لەوبارەیەوە بڵاوكراونەتەوە، زانیاری هەڵبەستراو و درۆن و ئامانج لێیان لێدانە لە پەرلەمان و ئەندامانی و شێواندنی وێنەیانە لەبەردەم رایگشتی.
هەروەك هێمای بۆ ئەوەش كردوە، وەزارەتی دارایی عێراق زیاتر لە چوار مانگە هیچ بڕە پارەیەكی لە بودجەی بەكاربردن بۆ پەرلەمان خەرج نەكردوە بە پارەی تایبەت بە بەكرێگرتنی خانوی پەرلەمانتارانیشەوە.