شیروان دوبەردانی بۆ ئاوێنە: حكومەتی عێراق بۆ ئەمساڵ خشتەی بودجە رەوانەی پەرلەمان ناكات
  2025-06-11       236       

شیروان دوبەردانی، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ ئاوێنە بەدوری دەزانێت حكومەتی عێراق بۆ ئەمساڵ خشتەی بودجە رەوانەی پەرلەمان بكات و دەڵێت، حكومەت بۆ خەرجییەكان لەسەر بنەمای 1 لەسەر 12ی بودجە بەردەوام دەبێت.

ئاوێنە: شیروان دوبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ ئاوێنە رایگەیاند، خشتەی بودجەی 2025 دەبوایە لە مانگی 10ی 2024 بهاتایەتە پەرلەمان بەڵام تا ئەمڕۆ كە 11ی حوزەیرانی 2025ە،هیچ دیار نییە.

بەقسەی شیروان دوبەردانی، وەزارەتی دارایی عێراق پابەند نییەو چەندین پەرلەمانتار كە سەردانی وەزیری داراییان كردوە، وتویەتی، بۆ ئەمساڵ خشتە نانێرین. پێشتر كێشە لەنێوان وەزیرو هەندێك لە پەرلەمانتاران لەسەر ئەو بابەتە دروست بو.

رۆژی 29ی مانگی رابردو، وەزارەتی دارایی عێراق ناوەڕۆكی لێدوانێكی پەرلەمانتارێكی عێراقی رەتكردەوە كە وتبوی، تەیف سامی، وەزیری دارایی نایەوێت خشتەی بودجە رەوانەی پەرلەمان بكات. وەزارەتی دارایی رایگەیاندبو، لەدوای گوشار بۆ كەمكردنەوەی خەرجییەكان و زیادكردنی داهات، كاركردن لەسەر تەواوكردنی خشتەكانی بودجە بەردەوامە.

لەبارەی ئەوەی كە ئایا دەكرێت لەم ماوەیەدا دانیشتنی نائاسایی پەرلەمان بكرێت بۆ پەسەندكردنی خشتەی بودجە و هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن، شیروان دوبەردانی وتی، زۆر زەحمەتە لەماوەی داهاتودا دانیشتنی نائاسایی پەرلەمان هەبێت نە بۆ خشتەی بودجە نە بۆ هەمواركردنی بودجە نە بۆ هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن.

لەبارەی ئەوەی كە لە ئەگەری رەوانە نەكردنی خشتەی بودجە چی رودەدات، شێروان دوبەردانی وتی، ئەگەر خشتەی بودجە بۆ ئەمساڵ نەنێردرێت حكومەت لەسەر بنەمای 1 لەسەر 12ی بودجە بەردەوام دەبێت لەسەر خەرجییەكان. چونكە حكومەت بەخۆی دەڵێت، كورتهێنانم هەیە ئیدی خشتە چۆن دەنێرێت، بۆیە هەر بەو شێوەیە مانگانە بەردەوام دەبێت لەسەر خەرجكردنی موچەو هەندێك پارەش بۆ هەندێك لە وەزارەتەكان دەنێرێت.

لەبارەی پرسی موچەی موچەخۆرانی هەرێم شیروان دوبەردانی لە لێدوانەكەیدا بۆ ئاوێنە وتی، بۆ پرسی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، حكومەت و وەزارەتی دارایی عێراق چاوەڕێی بڕیاری دادگای فیدراڵین. رەنگە رۆژی دوشەممە یان سێشەممەی داهاتو دادگای فیدراڵی لەبارەی دەركردنی فەرمانی سالاری لەبارەی ناردنی موچە بۆ هەرێم بڕیاری خۆی بدات.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×